سەردێڕ:

راگرتنی هەناردەی نەوتی هەرێم کۆمپانیاکانی ناچار کردووە کارمەندەکانیان لە کارەکانیان دووربخەنەوە

PM:09:20:27/07/2023

3872 جار خوێندراوەتەوە

کۆمەڵەی پیشەسازی نەوت لە هەرێمی کوردستان رایگەیاند، ماوەی چوار مانگە هەناردەی نەوتی هەرێم راگیراوە و کۆمپانیاکانی پیشەسازی نەوت ناچاربوون تێچووەکانیان کەمبکەنەوە و سەدان کارمەند لە کارەکانیان دوورخراونەتەوە.


کۆمەڵەی پیشەسازی نەوت لە هەرێمی کوردستان "ئەپیکور" رایگەیاند، ماوەی چوار مانگە هەناردەی نەوتی هەرێم لە رێگەی بەندەری جەیهانی تورکییەوە راگیراوە و ئەوەش کاریگەری لەسەر وەبەرهێنانی بیانی لە هەرێمی کوردستان هەبووە و هەڕەشەی داخستنی لەسەر کۆمپانیاکان و لەدەستدانی کاری هەزاران کەس دروستکردووە.

ئاماژە بەوەشکراوە، کۆمەڵەی پیشەسازی نەوت لە هەرێم پێکهاتووە لە کۆمپانیاکانی (دی ئێن ئۆ، گەنەڵ ئینێرجی، گەڵف کیستۆن، شاماران، ئێچ کەی ئێن ئینێرجی) و تا ئێستا پلانی خەرجکردنی ٤٠٠ ملیۆن دۆلاری بۆ ئەمساڵ داڕشتووە.

ئەوەش خراوەتەڕوو، تا ئێستا هیچ وادەیەکی دڵنیاکەرەوە بۆ دەستپێکردنەوەی هەناردەی نەوتی هەرێم و دابینکردنی پارەی دەرهێنانی نەوت دیارینەکراوە و بۆیە کۆمپانیاکانی ئەندامی کۆمەڵەکە ناچاربوون تێچووەکانیان کەمبکەنەوە و سەدان کارمەند لە کارەکانیان دووربخەنەوە.

باس لەوەشکراوە، ئەگەر راگرتنی هەناردەی نەوتی هەرێم بەردەوام بێت ئەوا ئاستی وەبەرهێنانی بیانی لە هەرێمی کوردستان نزمدەبێتەوە و کاری کارمەندی دیکەش دەخاتە مەترسییەوە.

ئەمەش لە دوای ئەوە دێت، لە رێکەوتی ٢٥ی ئازاری ئەمساڵ ژووری بازرگانی نێودەوڵەتی پاریس لە بەرژەوەندی عێراق بڕیاری لەسەر نایاسایی هەناردەی نەوتی هەرێم لە رێگەی بەندەری نەوتی جیهانی تورکیاوە دا و هەناردەی نەوتی هەرێم راگیرا.













گەلەری