سەردێڕ:

دوایین گۆڕانکارى کودەتاکەى وڵاتى نەیجیر

وێنە: فاینانشاڵ تایمز
AM:10:39:27/07/2023

2496 جار خوێندراوەتەوە

سەرۆکى نەیجیر، کە ئێستا لەلایەن بەشێک لە سەربازانى کۆشکى کۆمارى کە بە کودەتاچییەکان ناسراون، لەناو کۆشکى سەرۆکایەتى لە نیامى پایتەخت تەوق دراوە، ناوبراو تویتێکى کردووە و نوسیوویەتى، "دەستکەوتە دیموکراتیەکان دەپارێزرێن".


سەرلەبەیانى ئەمڕۆ پێنجشەممە، محەمەد بازوم سەرۆکى نەیجیر، لە تۆڕى کۆمەڵایەتى ئێکس، کە پێشتر تویتەر بوو، تویتێکى کردووە و نوسیوویەتى، "دەستکەوتەکانى دیموکراتى لە وڵاتەکەى دەپارێزرێن"، هاوکات ئاماژەى بەوەکردوە "ئەو دەستکەوتانە لەدواى هەوڵ و تێکۆشانێکى قورس بەدەستهاتوون، هەموو رۆڵەکانى وڵاتەکەى ئەوانەى خۆشەویستیان بۆ دیموکراتییەت و ئازادى هەیە درکى پێدەکەن".

بەرەبەیانى رۆژى چوارشەممە، کاتێک سەرۆکى نەیجیر چاوى هەڵهێنا، بە دەیان ئۆتۆمبیلى سەربازى و زرێپۆش و چەکى قورس و سووک، بەردەم کۆشکى سەرۆکایەتییان تەوق داوە و داواى خۆڕادەست کردنى دەکەن.

لاى خۆیەوە حەسومى مەسعودۆ وەزیرى دەرەوەى نەیجیر، کە لەهەمان کاتدا سەرۆک وەزیرانە بە وەکالەت، کودەتاکردن بەسەر وڵاتەکەیدا رەتکردەوە و تەئکیدى کردەوە، "ئەوان نوێنەرایەتى راستەقینەى دەسەڵاتى یاسایی وڵاتن".

هەوڵى کودەتاکەى نەیجیر، بەزوویى کاردانەوە هەرێمى و نێودەوڵەتییەکانى بەدواى خۆیدا هێنا و هەریەک لە ئەمەریکا و ئەڵمانیا و فەڕەنسا ئیدانەى ئەو کودەتایەیان کرد، لەو چوارچێوەیە، حکومەتى فەڕەنسا ئیدانەى دەست گرتن بەسەر کورسى فەرمانڕەوایی کرد لەرێگەى هێزەوە، واشنتۆن-یش دەستبەجێ ئەنتۆنى بلینکن-ى وەزیرى دەرەوەى وڵاتەکەى راسپارد، بۆ زوو دەربازکردنى محەمەد بازوم سەرۆکى نەیجیر، هەروەها حکومەتى ئەڵمانیاش رایگەیاند، نیگەرانن لە دۆخەکە و لەنزیکەوە چاودێرى دەکەن، هاوکات داواى دەستبەجێ ئازاد کردنى سەرۆکى نەیجیرى کرد.

بەگوێرەى زانیارییەکانى ئاژانسى رۆیتەرز، وەزیرى ناوخۆى ئەو وڵاتەش لەماڵەکەى خۆى دەستبەسەرە، هاوکات ئێستا دانوستاندن لەنێوان سەرۆکى نەیجیر و سەربازانى کودەتاچى لە ئارادایە.













گەلەری