سەردێڕ:

نەوەی نوێ: سزادانی چالاکوانان نیشانەی کۆتایی هاتنی حوکمی بنەماڵە و چەتەکانی کوردستانە

PM:01:05:21/07/2023

1856 جار خوێندراوەتەوە

جوڵانەوەی نەوەی نوێ رایگەیاند، هەڵسوکەوتی دەستگیرکردن و فڕاندن و سزادانی چالاکوانان نیشانەی کۆتایی هاتنی حوکمی بنەماڵە و چەتەکانی هەرێمە و ئەو رەفتارانە زەنگێکی مەترسیدارە بۆ سەر ئازادی و دیموکراسی.


جوڵانەوەی نەوەی نوێ راگەیەنراوێکی بڵاوکردەوە و تێێدا هاتووە، ئەم هەڵسوکەوتانەی مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی کاربەرێکەری هەرێم تایبەت بە دەستگیرکردن و فراندن و سزادانی چالاکوانان و هاوڵاتییانی کوردستان و دوبارە حوکمدانی چالاکوان شێروان شێروانی ، نیشانەی کۆتاییهاتنی حوکمی بنەماڵە و چەتەکانی کوردستانە.

لە راگەیەنراوەکەی نەوەی نوێ ئاماژە بەوەشکراوە، ئەمانە ئەگەر جارێک یان دوو جار بۆیان چووبێتە سەر ئەوە با باش بزانن کە گۆزە هەموو کات بە ساغی ناگەرێتەوە.

ئەوەشخراوەتەڕوو، ئەم رەفتارە دژە دیموکراسیی و خۆسەپێنانەی پارتی، زەنگێکی مەترسیدارە بۆ داهاتووی ئازادی و دیموکراسی لە هەرێمی کوردستان و ئەرکی هەموو چین و توێژ و لایەنە سیاسییەکانە کە بەتوندی دژی بوەستنەوە.

باسلەوەشکراوە، ئەم رەفتارە دیکتاتۆریانە دەبێت ببێتە هاندەرێک بۆ دوورخستنەوەی ئەو عەقڵییەتە لە حوکمداریی کە تەنها بڕوای بە دەستگیرکردن و زیندانیکردنی دەنگە ئازا و ئازادەکانە.

ئەمەش لە دوای ئەوە دێت، لە رۆژی رابردوو دادگای هەولێر شێروان شێروانی یەکێک لە چالاکوانانی بادینانی بە چوار ساڵ زیندانیکردن سزادا و دوای ئەو بڕیارە لە درەنگانی شەو ئومێد بەرۆشكی رۆژنامەنوس و چالاکوانی بادینان لەلایەن هێزیکی ئەمنییەوە فڕێندرا.













گەلەری