جەژنى قوربان ئەو رۆژەى موسڵمان دواى بەرێکردنى ٩ رۆژ لە رۆژە پیرۆزەکان بەپێی ئایینەکەی خۆیان جەژن دەکەن و بە قوربانیکردن و گەردن ئازادى یادى دەکەنەوە و ئەو رۆژە بە سەردانى کەسوکار و پاککردنەوەى دڵەکانیان لە یەکتر بەڕێدەکەن.
ئەو ڕۆژەی کە موسڵمانان شادی و کامەرانی تێدا دەردەبڕن و جلی ڕەنگاوڕەنگی بۆ دەپۆشن، بۆچی ناوی ڕۆژی قوربانیدانە؟
بەپێی ئەوەی کە
لە ئایەتەکاندا هاتووە، کاتێک لە ڕێگەی خەونێکەوە، خودا پێغەمبەر ئیبراهیمی تاقیکردەوە
و فەرمانی پێدا کە ئیسماعیلی کوڕی بکاتە قوربانی، ئەویش هەوڵیدا فەرمانەکەی خودا بەجێبگەیەنێت
و خەوەکەی بۆ اسماعیلی کوڕی گێڕایەوە و کوڕەکەشی ڕازی بوو کە بکرێتە قوربانی.
دواتر پێکەوە ویستیان بڕۆنە شوێنی قوربانییەکە و لە ڕێگادا چەندین جار چەند رووداوێک
روویاندا و هەوڵیاندا بۆ ئەوەی پەشیمانیان بکەنەوە، بەڵام سووربوون لەسەر
بڕیارەکەیان.
بەپێی
ئایاتەکان، کاتێک پێغەمبەر ئیبراهیم ویستی کوڕەکەی بکاتە قوربانی، دواتر خودا پێی دەڵێت،
ئەی ئیبراهیم تۆ لە تاقیکردنەوەکەتدا سەرکەوتوو بوویت. دواتریش لەبری ئیسماعیل
خودا لە ئاسمانەوە مەڕێکی ناردە خوارەوە و ئیبراهیمیش لە جیاتی ئیسماعیل مەڕەکەی سەربڕی.
ئەو رووداوەش وەکو
شۆڕشێک لە مێژوووی مرۆڤایەتی و وەرچەرخانێک بۆ ئەو سەردەمە ناودەبرێت، بەوەی لە
دوای ئەو ڕووداوە خەڵک لە جیاتی کردنەقوربانی منداڵەکانیان، ئاژەڵەکانیان کردە
قوربانی.
ئێستا ساڵانە لە
وەرزی حەجدا و کاتێک حاجیان سەرقاڵی ئەنجامدانی ئەرکە ئایینیەکانیانن، هەموو بێ جیاوازی
ئامادەکاری دەکەن بۆ پێشوازیکردن لەو ڕۆژەی کە تێدا پێغەمبەر ابراهیم لە تاقیکردنەوەکەیدا
سەرکەوتوو بوو.
ڕۆژی قوربانیەکەش
دیاریکراوە و دەکەوێتە ڕۆژێک دوای ٩ی زولحەججە. کە حاجیان لەو ڕۆژەدا لە کێوی عەرەفە
دەوەستن و گرنگترین پایەی حەجی تێدا بەجێ دەگەیەنن، کاتێک دەچنە دەیەم ڕۆژی زولحیجەوە
جەژنی قوربان دەکەنەوە.
هەر لەو ڕۆژەدا
کە پێی دەوترێت جەژنی قوربان، مەڕ و بەشێکی ئەو ئاژەڵانەی خواردنیان حەڵاڵە دەکرێن
بە قوربانی و بەسەر هەژاران و کەمدەرامەتاندا دابەشی دەکەن، تا سفرەیەکی ڕازاوە و
کاتێکی لەیاد نەکراو بەسەر ببەن، بۆیە لە زۆرینەی وڵاتان پێیدەوترێت ڕۆژی قوربانیکردن
یاخود جەژنی قوربانی.
لە کوردستان و
ناوچە کورد زمانەکانیشدا بە جەژنی قوربان دەناسرێتەوە، لەگەڵ ئەمەشدا بە هەریەک لە
جەژنی گەورە و جەژنی حاجییەکانیش ناودەبرێت.