لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق داوای لە پەرلەمان کرد پەلە بکەن لە دیاریکردنی کاتی دانیشتنی پەرلەمان بۆ دەنگدان لەسەر بودجە.
ئەمڕۆ سێشەممە، عتوان عتوانی سەرۆکی لیژنەی دارایی لە پەرلەمانی عێراق رایگەیاند، گفتوگۆیان لەسەر بودجە کردووە و داوای لە پەرلەمان کرد لەم هەفتەیەدا وادەیەک دیاریبکرێت بۆ دانیشتنی پەرلەمان لەسەر پڕۆژەیاساکە و دەنگی لەسەر بدرێت.
وتیشی، جەخت لەوە
دەکەنەوە کە بە زوویی بودجە تێپەڕێندرێت تاوەکو کارنامەی حکومەت و پڕۆژەکانی گەشەپێدان
و بنیادنانەوەی ژێرخانی ئابووری دەستپێبکەنەوە.
ئاماژەی بەوەشدا،
پڕۆژەیاساکە پەیوەندی گرنگی بە ژیان و بژێوەی خەڵکەوە هەیە و بە تایبەت لە کەرتی تەندروستی
و نیشتەجێبوون و خزمەتگوزارییەکان.
داواشی لە لایەنە
سیاسییەکان کرد، هەڵوێستیان هەبێت و کاربکەن تا پڕۆژەیاساکە تێبپەڕێندرێت.
ئەوە لە کاتێکدایە،
رۆژی پێنجشەممە، ٢٥ی ئایار لیژنەی دارایی دەنگی لەسەر کۆتا بڕگەکانی پڕۆژەیاسای
بودجەی ساڵی ٢٠٢٣ی عێراقدا و رایگەیاند، پڕۆژەیاساکە ئامادەیە و دەنێردرێتە پەرلەمان
و هاوکات، محەمەد حەلبوسی سەرۆکی پەرلەمانی عێراق هەمان رۆژ رایگەیاند، رۆژی شەممە
دانیشتنی پەرلەمانە لەسەر پڕۆژەیاسای بودجە، بەڵام ئەو وادەیە بۆ کاتێکی نادیار
دواخرا.