سەردێڕ:

عێراق بە دوای رێگای جێگرەوە دا دەگەڕێت بۆ هەناردە کردنی نەوتی هەرێم

PM:04:48:29/05/2023

7056 جار خوێندراوەتەوە

دوای دوو مانگ لە راگرتنی هەناردەی نەوتی هەرێم لە رێگەی تورکیاوە، شارەزایانی نەوتی عێراق بە دوای رێگە چارەی دیکەوەن بۆ هەناردەکردنی نەوتی عێراق و هەرێمی کوردستان.


لە دوای بڕیارەکەی ئەنجومەنى ناوبژیوانى پاریس، لە بارەی نایاسایی بوونی فرۆشتنی نەوتی هەرێم بە سەربەخۆیی و راگرتنی هەناردەکردنی نەوتی هەرێم، لە لایەکەوە بەغدا دەیەوێت لەگەڵ ئەنقەرە رێککەوێت بۆ دووبارە دەستپێکردنەوەی هەناردەکردنی نەوتی هەرێم و لەلایەکی دیکەشەوە، ئێستا عێراق لە هەوڵدایە بۆ دووبارە بەکارخستنەوەی بۆرییە نەوتەکانی سعودیە یان سوریا یان ئوردن.

تورکیا دەیەوێت لەگەڵ عێراق بگاتە رێککەوتن لەبارەی ئەو ١.٥ ملیارەی پابەندکراوە پێی وەک قەرەبووی هەناردەنەکردنی نەوتی هەرێم، بەڵام تاوەکو ئێستا نەگەیشتوونەتە ریککەوتن و بەغداش دەیەوێت تاوەکو ساڵی ٢٠٢٧ سێ بۆری نەوت لەگەڵ سێ وڵاتی عەرەبیدا کارا بکاتەوە و رۆژانە هەشت ملیۆن بەرمیل نەوت لە رێگایانەوە هەناردە بکات.

تورکیا بەو دواخستنی هەناردەکردنە دەیەوێت گوشار بخاتە سەر عێراق، چونکە رۆژانە ٣١ ملیۆن دۆلار زیان بە ئابوری عێراق دەگات بەهۆی راگرتنی هەناردەی نەوتی هەرێم و کەرکوکەوە.

فه‌رهاد عه‌لائەدین راوێژکاری سەرۆک وەزیرانی عێراق بۆ کاروباری دەرەوە، لەو بارەیەوە دەڵێت: "سەرەتا تورکیا دەستپێکردنەوەی هەناردەکردنی نەوتی هەرێمی دواخستووە تاوەکو بگەنە رێککەوتنێک لە بارەی ئەو ١.٥ ملیار دۆلارەی وەک پێبژاردن بەسەر ئەو وڵاتەدا سەپاوە".

راوێژکاری سەرۆک وەزیرانی عێراق بۆ پەیوەندییەکانی دەرەوە، رایدەگەیەنێت، دانوستاندن هەیە بۆ بوژاندنەوەی بۆری نەوت لەگەڵ سعودیە، کە لە حەفتاکانی سەدەی رابردوودا هەبووە، هەروەها بیر لە کارا کردنەوەی بۆری نەوت لە رێگەی سوریاوە دەکرێتەوە، جگە لە هێڵی بۆری بەسرە-عەقەبە، کە لە ژێر لێکۆڵینەوەدایە لەلایەن راوێژکارانی وەزارەتی نەوتەوە.

پڕۆژەی بۆری بەسرە-عەقەبە، چەندین لێکۆڵینەوەی لەسەر ئەنجام دراوە، لەوانە وردەکاریەکانی پلانی دارایی و خاوەندارێتی، بەڵام بەهۆی فشاری گروپە لایەنگرەکانی ئێرانەوە ئاستەنگی هاتۆتەپێش.

لە ٢٥ی ئازار وەزارەتی نەوتی عێراق رایگەیاند، سکاڵاکەی ئەنجومەنى دادوەرى پاریسی لەسەر دۆسیەی نایاسایی بوونی هەناردەی نەوتی هەرێم بۆ تورکیا بردوەتەوە، تورکیاش وتی، "رێز لە بڕیارەکەی ئەنجومەنى دادوەرى پاریس دەگرن" دواتریش هەناردەکردنی نەوتی هەرێم بۆ تورکیا راگیرا.













گەلەری