سەردێڕ:

بانكی ناوەندی زیاتر لە ٢٥٤ ملیۆن دۆلاری خستە بازاڕەوە

PM:03:11:29/05/2023

1752 جار خوێندراوەتەوە

بانكی ناوەندی عێراق بۆ ئەمڕۆش زیاتر لە ٢٥٤ ملیۆن دۆلاری بە هەردوو شێوەی نەختینە و گواستنەوە خستە بازاڕەوە.


ئەمڕۆ بانکی ناوەندی عێراق بۆ فرۆشتن و کڕینی دۆلاری ئەمەریکی بڕی ٢٥٤ ملیۆن و ٨٥ هەزار و ٥٦٠ دۆلاری خستە بازاڕەوە.

زۆرینەی فرۆشی دۆلار بە شێوەی حەواڵە بووە بە بڕی ٢٢٧ ملیۆن و ٢٣٥ هەزار و ٥٦٠ دۆلار، لە کاتێکدا ٢٦ ملیۆن و ٨٥٠ هەزار دۆلاریشی بەشێوەی فرۆشتنی کاش بووە.

ئەمڕۆش لە بازاڕەکانی ئاڵوگۆڕی دراوی هەرێمی کوردستان نرخی ١٠٠ دۆلاری ئەمەریکی بە ١٤٧ هەزار دیناری عێراقی بوو.

لە ناوەڕاستى هەفتەى رابردوو تاوەکو ئەمڕۆ ٢٩ى ئایار، بانکی ناوەندی عێراق زیاتر لە یەک ملیار دۆلاری خستوەتە بازاڕەوە، ئەوەش کاریگەری لەسەر بەهای دۆلار دانا و بەشێوەیەکی بەرچاو لە ماوەی ئەم چەند رۆژەدا نرخەکەی بەرامبەر بە دینار بە جێگیرى مایەوە.

هەرچەندە بڕیاربوو بەهای دۆلار بۆ ١٣٠ هەزار دینار دابەزێت، بەڵام تاوەكو ئێستا حكومەتی عێراق نەیتوانیوە كێشەی بەرزی بەهای دۆلار لە بازاڕدا چارەسەر بكات و ئەوەش بەزیان بۆ هاوڵاتیان شكاوەتەوە.

لەلایەکی دیکەوە، بە بڕیاری وەزارەتی ناوخۆی عێراق لە چەند شارێکی ناوەڕاست و باشوورى عێراق، بەڵیننامە بە پێشانگاکانی ئۆتۆمبێل و فرۆشگای کەلوپەلە کارەباییەکان پڕکراوەتەوە، بۆ ئەوەی لە مامەڵە بازرگانیەکانیاندا تەنیا دراوی دیناری عێراقی بەکاربهێنن.

ئەمڕۆ دووشەم ٢٩ـی ئایار، حوسێن تەمیمی بەڕێوەبەری ئۆپراسیۆنەكانی تاوانی رێكخراو لە وەزارەتی ناوخۆی عێراق رایگەیاندووە، لە ناوەڕاستی مانگی رابردوو بە هاوكاریی بانكی ناوەندی، بڕیاریان داوە لە گشت پارێزگاكانی عێراق جگە لە هەرێمی كوردستان، مامەڵەكردن لەلایەن خاوەن ناوەندە بازرگانییەكان، پێشانگەكانی ئۆتۆمبێل لە بری دۆلار بە دینار بێت.

ئەو بەرپرسەى وەزارەتى ناوخۆى عێراق ئاماژەى بەوەش کردوە، تاکو ئێستا خاوەن ناوەندە بازرگانییەكان وەڵامیان بۆ بڕیارەكە ئەرێنی بووە، بەڵام سەرەڕای بەردەوامیی هەڵمەتی چاودێری، هەندێك لە بازرگانان بەردەوامن لە سەرپێچی كردنی بڕیارەكە.

باسی لەوەش كردووە، هەر بازرگانێك ببێتە سەرپێچیكاری ئەو بڕیارە، سزای پێنج ساڵ گرتنی بەسەردا دەسەپێنرێت.

لە سەرەتای ئەمساڵدا بانكی ناوەندی بە پاڵپشتی حكوومەتی عێراق، بڕیاری داوە بەهای دۆلار دابەزێنێت بۆ ١٣٢ هەزار دینار بۆ هەر ١٠٠ دۆلار، بەڵام بەهۆی پەسەند نەكردنی بودجە، تاوەکو ئێستا ئەو بڕیارە نەچووەتە بواری جێبەجێكردنەوە.













گەلەری