سەردێڕ:

حکومەتى عێراق بڕیاریدا دەوامى فەرمانگەکان بکرێتە ١٠ کاتژمێر

PM:08:07:25/05/2023

22848 جار خوێندراوەتەوە

ئەمیندارێتی گشتی ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق نووسراوێکی ئاڕاستەی بەڕێوەبەرایەتییەکانى بەغداى پایتەخت کردووە و تێیدا هاتووە، دەوامی سەرجەم بەڕێوەبەرایەتییەکان لە کاتژمێر حەوتی بەیانی دەستپێدەکات تاوەکو کاتژمێر پێنجی ئێوارە و فەرمانبەرانیش بەسەر چوار شەفت دا دابەش دەکرێن.


لە نووسراوەکە ئاماژە بەوەش کراوە، لیژنە تایبەتمەندەکان سەرپشک دەکرێن بە پێشکەش کردنی نوسراوێکی گونجاو لەلایەنی یاساییەوە لە بارەی کاتی دەستپێکردن و کۆتایی هاتنی کاتژمێرەکانی کارکردن لە وەزارەتەکان و لایەنە ناپەیوەستەکانی وەزارەت لە پارێزگای بەغدا.

هۆکارى ئەم بڕیارە بۆ ئەوەیە ئەو قەرەباڵغى و پاڵەپەستۆ و فشارەى لەسەر فەرمانگە و بەڕێوەبەرایەتیەکانى دەوڵەت و شەقامەکان هەیە لە بەغداى پایتەخت، کە لە یەک کات دا ئەوە درووست دەبێت، بۆیە بە ئامانجى کەم کردنەوەى ئەو بارگرانى و فشارە لەسەر فەرمانبەران و هاوڵاتیان و شەقامەکان ئەو بڕیارە دەرچووە.
رێنماییەکانی کاتی دەوامی فەرمانگا و بەڕێوەبەرایەتییەکان بەم شێوەیە دەبن
:

یەکەم: دەوامی فەرمی لە دامەزراوە حکومییەکان لە کاتژمێر ٧:٠٠ی بەیانی دەست پێدەکات تاوەکو کاتژمێر ٥:٠٠ ی ئێوارە و فەرمانبەرانیش دابەش دەکرێن بەسەر چوار شەفتی جیاواز.

دووەم: بە کارخستنەوەی کاتژمێری زیادەی کارکردن لەو کاتەی پێویست بێت کە فەرمانبەر لەسەر کارەکەی بەردەوام بێت لە دوای تەواو بوونی دەوامی فەرمی خۆی.

سێیەم: رێکخستنی دەوامی فەرمی دامەزراوەکان بە شێوەیەک لە حەفتەیەک دا شەش رۆژی دەوام بکرێت و دەوامی فەرمانبەریش لە پێنج رۆژ لە هەفتەیەکدا کەمتر نەبێت، واتا فەرمانبەر دەتوانێت جگە لە رۆژانى هەینى رۆژێکى تریش دەوام نەکات.

چوارەم: جێبەجێ کردنی ئەو رێنماییانە لە شاری بەغدا و ئەو پارێزگایانەی ئارەزوو دەکەن بەو شێوەیە دەوام بکەن بۆ ماوەی سێ مانگ بە شێوەی تاقیکاری (تێست) لە دوای تەواو بوونی ئەو وادەیە دووبارە بڕیاری نوێی لەسەر دەدرێت.












گەلەری