سەردێڕ:

شاندی هەرێم لەگەڵ وەزارەتی نەوتی عێراق کۆبوونەوە

PM:04:49:26/03/2023

2568 جار خوێندراوەتەوە

وەزارەتی نەوتی عێراق رایگەیاند، لە بەغدای پایتەخت لەگەڵ شاندی هەرێم کۆبوونەتەوە و گفتوگۆیان لەبارەی میکانیزم و داتا نوێیەکانی هەناردەی نەوتی هەرێم کردووە.


وەزارەتی نەوتی عێراقی راگەیەنراوێکی بڵاوکردەوە و تێیدا هاتووە، حەیان عەبدولغەنی وەزیری نەوت و جێگری سەرۆکوەزیرانی عێراق بۆ کاروباری وزە لەگەڵ شاندی هەرێم کە بریتیبوون لە کەمال محەمەد وەزیری سامانە سروشتییەکانی هەرێم بە وەکالەت و ئومێد سەباح سەرۆکی دیوان ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێم لە بەغدا کۆبوونەوە.

ئاماژەی بەوەشداوە، لە کۆبوونەوەکەدا وتوێژ لەسەر میکانیزمەکان و داتا نوێیەکانی داهاتی هەرێم لە دوای بڕیارەکەی دەستەی ناوبژیوانی سەر بە ژووری بازرگانی نێودەوڵەتی کراوە.

ئەمەش لە دوای ئەوە دێت، لە رۆژی رابردوو وەزارەتی نەوتی عێراق رایگەیاند، دۆسیەی هەناردەی نەوتی هەرێم بۆ تورکیا، لەلایەن دادگای نێودەوڵەتی لە پاریسی پایتەختی فەرەنسا یەکلایی کراوەتەوە و کۆماری عێراق براوەیە و دادگای پاریس بە فەرمی رایگەیاند، تورکیا پێشێلکاری لە رێکەوتننامەی هێڵی بۆرییە نەوتەکانی عێراق کردووە.

دواتر نوسینگەی گواستنەوەی نەوتی عێراقی نووسراوێکی ئاڕاستەی بەندەری جەیهان کرد بۆ راگرتنی هەناردەی نەوتی هەرێم و تورکیاش بە بڕیارەکانی دادگای پاریس پابەندبوو.

لەو بارەیەوە حکومەتی ماوەبەسەرچووی هەرێم رایگەیاند، بریاری دادگای فەرەنسی لە بەرژەوەندی حکومەتی عێراق دژی تورکیا، رێگر نابێت لە پەیوەندیەکانی نێوان هەرێم لەگەڵ حکومەتی بەغدا. وتیشی، "سەردانی بەغدا دەکەینەوە بۆ گفتوگۆ و چارەسەرکردنی بابەتەکانی پەیوەندیدار بەو پرسە".

ئـ.عـ


 













گەلەری