سەردێڕ:

بانکی ناوەندی عێراق خشتەی فرۆشتنی دۆلاری بڵاوکردەوە

PM:12:58:22/03/2023

28884 جار خوێندراوەتەوە

بانکی ناوەندی عێراق خشتەی فرۆشتنی دۆلاری راگەیاند و بۆ ئەمڕۆ ٢١٣ ملیۆن و ٢٥٧ هەزار و ٢٤٦ دۆلاری خستە بازاڕەوە.


بانکی ناوەندی رایگەیاندووە، لەو بڕەی خراوەتەڕوو، ١٥٤ملیۆن و ٤٥٧ هەزار و ٢٤٦ دۆلاری بە شێوەی حەواڵە و ٥٨ ملیۆن و ٨٠٠ هەزار دۆلاری بەشێوەی کاش فرۆشتووە.

لە دوای رێککەوتنی بەغدا و واشنتۆن بانکی ناوەندی عێراق رۆژانە بڕێکی زۆر دۆلار دەفرۆشێت و ئاستی خستنەڕووی دۆلار گەڕاوەتەوە بۆ پێش سزاکانی ئەمریکا کە بەهۆی سزای وەزارەتی گەنجینەی ئەمریکاوە ئاستی خستنەڕووی بانکی ناوەندی عێراق رۆژانە بۆ خوار ١٠٠ ملیۆن دۆلار دابەزیبوو.

بەهۆی بە قاچاغبردنی دۆلار بۆ ئێران، وەزارەتی گەنجینەی ئەمریکا سزای بەسەر بانکی ناوەندی عێراقدا سەپاند و ناردنی دۆلاری بۆ عێراق کەمکردەوە تا عێراق ناچار بێت بچێتە ناو سیستمی ئەلکترۆنی ئاڵوگۆڕی دراو و دۆلار لە ژێر چاودێری بانکەکەدا بێت.

بەهۆی سزاکانەوە بەهای دۆلار بەرێژەیەکی بەرچاو بەرزبوەوە و گەیشتە سەروو ١٧٠ هەزار دینار لە کاتێکدا ئەوکاتە بەهای ١٠٠ دۆلار بە نرخی فەرمی ١٤٦ هەزار دینار بوو.

دوای رێککەوتنی نێوان ئەمریکا و عێراق حکومەتی عێراق بڕیارێکی بانکی ناوەندی عێراقی پەسەندکرد بۆ دابەزاندنی بەهای دۆلار بۆ ١٣٠ هەزار دینار بەڵام سەرەڕای ئەو بڕیارانەش تا ئێستا بەهای دۆلار بەرزە و لەگەڵ نرخی فەرمی بانکی ناوەندی نزیکەی ٣٠ هەزار دینار جیاوازیان هەیە و ١٠٠ دۆلار لە نێوان ١٥٦ و ١٥٧ هەزار دینار مامەڵەی پێوەدەکرێت.

ک.ک













گەلەری