سەردێڕ:

یەکێتی ئەوروپا: یەک ملیۆن تۆپ رەوانەی ئۆکرانیا دەکەین

PM:11:37:21/03/2023

3136 جار خوێندراوەتەوە

وەزیری بەرگری ئیستۆنیا رایگەیاند، وڵاتانی یەکێتی ئەوروپا رێککەوتن لەسەر پلانێکی دووملیار یۆرۆیی بۆ رەوانەکردنی یەک ملیۆن تۆپی دوورهاوێژ بۆ ئۆکرانیا لە ماوەی ساڵی داهاتوودا. دەشڵێت، "ئەوەش لە رێی پێدانی تەقەمەنییەکانی خۆیان و یەکگرتنیان بۆ کڕینی تەقەمەنی زیاتر".


هانۆ پێڤکور وەزیری بەرگری ئیستۆنیا لە پەراوێزی کۆبوونەوەیەکی وەزیرانی دەرەوە و بەرگری یەکێتی ئەوروپادا لە بڕۆکسل لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەنوسیدا ئاماژەی بەوەدا، "گەیشتین بە کۆدەنگییەک بۆ ڕەوانەکردنی یەک ملیۆن تەقەمەنی 155 ملم بۆ ئۆکرانیا."

وتیشی، هێشتا وردەکاری زۆر زۆر ماون چارەسەر بکرێن، بەڵام گرنگترین شت ئەوەیە کە کۆتاییان بەم گفتوگۆیانە هێنا و ئەوەش ئەوە دەردەخات کەئەگەر خواستێک هەبێت، رێگەیەک هەیە.

ئەمە لەکاتێکدایە، پلانەکە کە لەلایەن وەزیرەکانەوە پەسەند کرا لە پێشنیارێکی جۆزێف بۆڕێڵەوە بەرپرسی کاروباری دەرەوەی یەکێتی ئەوروپا سەرچاوەی گرتبوو بۆ خەرجکردنی بڕی یەک ملیار یۆرۆ لە تەقەمەنییەکاندا بۆ ئەوەی بەمزووانە بدرێت بە کیێڤ، یەک ملیاری دیکەش تەرخان دەکرێت بۆ ئەوەی پێکەوە بە کۆمەڵ تەقەمەنییەکان پەیدا بکەن و بیدەن بە ئۆکرانیا.

کڕینی تەقەمەنییەکان لەلایەن وڵاتانی یەکێتییەکەوە مەرجێکی هەیە ئەویش تەنها دەبێت لە کۆمپانیاکانی نەرویج و یەکێتی ئەوروپاوە بێت، چونکە نەرویج پەیوەندییەکی ئابووری نزیکی لەگەڵ یەکێتییەکەدا هەیە.

هاوکات، بەشێک لە حکومەتەکانی وڵاتانی یەکێتی ئەوروپا ویستیان بتوانرێت لە دەرەوەی یەکێتییەکەشەوە تەقەمەنی بکڕدرێت و ئەوەش یارمەتیدەر دەبێت لەوەدا کە زووتر تەقەمەنییەکان بگەنە دەستی ئۆکرانیا. بەڵام ئەوانی دیکە دەڵێن، پارەکە دەبێت بڕوات بۆ کۆمپانیاکانی یەکێتی ئەوروپا و سووربوون لەسەر ئەوەی توانای ئەوەیان هەیە لە ئاست داواکارییەکاندا بن.

لەدوای دەستپێکردنی هێرشەکانی سوپای روسیا بۆ سەر ئۆکرانیا لە ٢٤ی ٢ی ٢٠٢٢ەوە، یەکێتی ئەوروپا و ئەمریکا زنجیرەیەک سزای ئابوری و دارایی و بارزگانییان بەسەر روسیادا سەپاند و لە رێگەی پێدانی چەک و راهێنان و مەشقە کردن بە سەربازەکانی ئۆکرانیا و پێدانی پارەوە پشتیوانی لەو وڵاتە دەکەن.


کـ - ئـ 












گەلەری