سەردێڕ:

نرخی زێڕ نزمبووەوە

AM:11:44:21/03/2023

7372 جار خوێندراوەتەوە

ئەمڕۆ سێشەممە، بەهای ئۆنسەیەک زێڕ لە بازاڕەکانی جیهاندا هەزار و ٩٦٧ دۆلارە و بەراورد بە دوێنی نرخەکەی نزمبووەتەوە، کە دوێنێ نرخی یەک ئۆنسە گەیشتە هەزار و ٩٨١ دۆلار و دواتریش بەرزتربووەوە بۆ دوو هەزار دۆلار.


نرخی زێڕ لەو ئاستەدا، بەرزترین ئاستە لە ماوەی یەک ساڵی رابردوودا و ئابووریناسان چاوەڕێ دەکەن نرخی زێڕ دوو هەزار دۆلار تێبپەرێنێت، ئەوەش بەهۆی سیاسیەتی توندی بانکی ناوەندی ئەمریکا لەسەر دراو.

وەبەرهێنەران لە کاتی ناسەقامگیری داراییدا پشت بە زێڕ دەبەستن و لە ئێستادا چاوەڕێی کۆبوونەوەی بانکی ناوەندی ئەمریکا دەکەن و تا بانکی ناوەندی ئەمریکا سیاسەتی خۆی لەسەر دراو رابگەیەنێت و چاوەڕێ دەکرێت ئەو توندیەی لەسەر دراو هەیە کەمتر ببێتەوە.

لە هەرێمی کوردستانیش لە چەند رۆژی رابردوودا بەهای زێڕ بەرزبوونەوەیەکی بەرچاوی لە بازاڕەکاندا تۆمارکرد و هەر مسقاڵێک زێڕ ١٥ هەزار دینار بەرزبووە، کە بەدەر لە پەیوەستی بە نرخی جیهانی، بەشێكی زۆری هۆکارەکەی پەیوەستە بە بەرزی نرخی دۆلار بەرامبەر بە دیناری عێراقی.

نرخی زێڕ لە بازاڕەکانی هەرێم لە رۆژی ٢٠ی ئاداری ٢٠٢٣دا بەم جۆرە بوو:

نرخی یەک مسقاڵ زێڕی عەیارە ٢٤ بە ٥٠٥ هەزار دینار

نرخی یەک مسقاڵ زێڕی عەیارە ٢٢ بە ٤٦٥ هەزار دینار

نرخی یەک مسقاڵ زێڕی عەیارە ٢١ بە ٤٥٠ هەزار دینار

نرخی یەک مسقاڵ زێڕی عەیارە ١٨ بە ٣٨٠ هەزار دینار

ک.ک













گەلەری