سەردێڕ:

یەکێتی ئەوروپا لەبارەی دەستگیرکردنی پوتینەوە پەیامێکی راگەیاند

PM:08:33:20/03/2023

4504 جار خوێندراوەتەوە

نوێنەری باڵای سیاسەتی دەرەوە و ئاسایشی یەکێتی ئەوروپا رایگەیاند، ئەگەر سەرۆکی روسیا گەشت بۆ هەر یەک لەو ١٣٠ وڵاتەی ئەندامن لە دادگای تاوانی نێودەوڵەتی بکات، ئەوا راستەوخۆ دەستگیر دەکرێت.


جۆزێف بۆڕێل نوێنەری باڵای سیاسەتی دەرەوەی یەکێتی ئەوروپا راشیگەیاند، بڕیارەکەی دادگای تاوانی نێودەوڵەتی سەبارەت بە دەستگیرکردنی ڤلادیمێر پوتن سەرۆکی روسیا لە داهاتووشدا وەک خۆی دەمێنێتەوە.

ئاماژەی بەوەشداوە، بڕیارەکەی دادگای تاوانی نێودەوڵەتی بۆ دەستگیرکردنی ڤلادیمێر پوتن یارییەکە دەگۆڕێت.

جۆزیف بۆڕێل دەشڵێت، دەزانێت بەرپرسانی روسیا باس لەوە دەکەن کە وڵاتەکەیان ئەندام نییە لە دادگای تاوانی نێودەوڵەتی، بەڵام لە داهاتوودا کاریگەری دەبێت لەسەریان.

ئەوەش لە کاتێکدایە، دوای ئەوەی لە رۆژی ١٧ی ٣ی ٢٠٢٣ دادگای تاوانی نێودەوڵەتی فەرمانی دەستگیرکردنی بۆ ڤلادیمێر پوتن، سەرۆکی روسیا دەرکرد، ئەمڕۆ شی جین پینگ سەرۆکی چین وەک یەکەم سەرۆکی جیهانی بەسەردانێکی فەرمی گەیشتە روسیا و لە مۆسکۆی پایتەختی روسیا لەگەڵ ڤیلادیمیر پوتین سەرۆکی ئەو وڵاتە کۆبووەوە.

لە کۆبوونەوەکەیاندا جەختیان لەوە کردەوە، پەرەپێدانی پەیوەندییەکانی نێوان روسیا و چین نەک هەر سوودی بۆ گەلەکانیان هەیە، بەڵکو بەشدارییەکی بەرچاوی هەیە لە پێشکەوتنی هەموو جیهاندا.

بەپێی میدیا جیهانییەکان، سەرۆکی چین رۆڵی ئاشتیخوازی بینییوە لە جەنگی ئۆکرانیادا و سەرۆکی روسیاش هیوای خواستووە کە پشتیوانی لێبکات بەرامبەر بە فشارەکانی رۆژئاوا.

لەسەردانەکەیدا سەرۆکی چین پێشنیارێکی ١٢ خاڵی بۆ چارەسەرکردنی قەیرانی ئۆکرانیا داوەتە مۆسکۆ و لە هەمان کاتدا پەیوەندییەکانی لەگەڵ مۆسکۆ پتەوتر کرد.

هاوکات، ئۆکرانیا داوای لە چین کرد، رۆڵی خۆیان بگێڕن بۆ وەستانی روسیا لە هێرشەکەیان بۆ سەر ئۆکرانیا و لە نزیکەوە بەدواداچوون بۆ سەردانەکەی سەرۆک کۆماری چین بۆ روسیا دەکەن.



ک – ک













گەلەری