رێکخەری سیاسەتی دەرەوە و کاروباری ئاسایشی یەکێتی ئەوروپا رایگەیاند، ئەو پێداویستییە سەربازییانە بۆ ئۆکرانیا دابیندەکەن کە ئەو وڵاتە پێویستی پێیەتی.
پێش کۆبوونەوەی وەزیرانی دەرەوەی وڵاتانی ئەندام لە یەکێتی ئەوروپا، جۆزێڤ بۆڕێڵ رێکخەری سیاسەتی دەرەوە و کاروباری ئاسایشی یەکێتی ئەوروپا بە رۆژنامەنوسانی راگەیاند، نزیکەی ٣٥٠ ملیۆن کەس لە جیهان بە دەست هەژارییەوە دەناڵێنن.
ئاماژەی بەوەشدا، دۆخی ئەم
کەسانە بەر لە جەنگی نێوان ئۆکرانیا و رووسیایش خراپ بوو، بەڵام لەگەڵ هەڵگیرسانی
جەنگەکە دۆخەکەیان ئێجگار مەترسیدار بووە.
هاوکات، لەبارەی درێژکردنەوەی
رێککەوتنی رەوانەکردنی دانەوێڵەشەوە جۆزێف بۆڕێڵ وتی: "ستایشی هەوڵە دیپلۆماتییەکانی
نەتەوە یەکگرتووەکان و تورکیا دەکەین لەمبارەیەوە. پێویستە بەبێ دواکەوتن کار بە جێبەجێکردنی
رێککەوتنەکە بکرێت".
ئاماژەی بەوەشدا، "هیوادارین
لەو کۆبوونەوەیەش کە وەزیرانی بەرگری یەکێتی ئەوروپا بەشداری تێدا دەکەن ئەو رێککەوتنە
تەواو بکەین کە لەبارەی دابینکردنی پێداویستی سەربازییەوەیە بۆ ئۆکرانیا".
رێکخەری سیاسەتی دەرەوە و
کاروباری ئاسایشی یەکێتی ئەوروپا باسی لەوەشکرد، بۆ ئەوەی ئۆکرانیا بتوانێت بەرگری
لە خۆی بکات بەرنامەیەکیان هەیە کە لە سێ قۆناغی پێکهاتووە بۆ دابینکردنی پێداویستییە
سەربازییەکان بە بەهای نزیکە دوو ملیار دۆلار.
وتیشی، دەزانن ئۆکرانیا پێویستی
بە چییە لە پێداویستییە سەربازییەکان. بۆ ئەمە زۆر گرنگە وەزیرەکان هاوڕا بن. ئەگەرنا
دابینکردنی چەک بۆ ئۆکرانیا زەحمەت دەبێت.
ئەمە لەکاتێکدایە، لە رێکەوتی
٢٤ی ٢ی ٢٠٢٢ەوە بە فەرمانی ڤلادیمیر پوتین سەرۆکی روسیا سوپای ئەو وڵاتە هێرشەکان
و ئۆپراسیۆنە سەربازییەکانی بۆ سەر خاکی ئۆکرانیا دەستپێکرد. لەبەرامبەردا ئەمریکا
و یەکێتی ئەوروپا و هاوپەیمانەکانیان زنجیرەیەک سزای ئابوری و بازرگانی و داراییان
بەسەر بانک و دامەزرەوە و کۆمپانیا گەورەکانی روسیادا سەپاند و لە سیستمی سویفت
کردیانە دەرەوە. هاوکات، بە پێدانی چەک و مەشقکردن بە سوپای وڵاتەکە و پێدانی پارە
هاوکاری و کۆمەکی ئۆکرانیایانکرد.
ک. ئـ