سەردێڕ:

کەشناسی هەرێم پێشبینی کەشوهەوای رۆژانی نەورۆزی بڵاوکردەوە

PM:04:32:19/03/2023

99652 جار خوێندراوەتەوە

بەڕێوەبەرایەتی گشتی کەشناسی و بومەلەرزەزانی هەرێم رایگەیاند، رۆژی سێشەممە رێکەوتی ٢١ی ٣ی ٢٠٢٣، کە دەکاتە یەکەم رۆژی نەورۆز کەشوهەوا ناسەقامگیر دەبێت. دەشڵێت، "ئاسمانی هەرێم هەور دەبێت و کەشوهەوا سارد دەبێت و بارانبارینی ماوەکورت دەبێت لەگەڵ دروستبوونی هەورە بروسکە".


بەڕێوەبەرایەتی گشتی کەشناسی و بومەلەرزەزانی هەرێم راگەیەنراوێکی بڵاوکردەوە و تیایدا هاتووە، لەبەر ناجێگیرى کەشوهەوا کە بۆماوەى چەند رۆژێک ئەم ناسەقامگیریە لە کەشى ناوچەکە بەردەوامى دەبێت لە ماوەى رۆژانی دووشەممە، سێشەممە و چوارشەممەی ئەم هەفتەیەدا؛ کەشى ناوچەکەمان بەم شێوەیە دەبێت:

رۆژی دووشەممە:
بە درێژایى رۆژ ئاسمانی هەرێم
نیمچەهەور و هەورى تەواو دەبێت و پێشبینى باران بارین لە کاتەکانى دواى نیوەڕۆ هەیە. ئاستى دابارینیش نمەباران بۆ بارانى مامناوەند دەبێت و پێشبینى دابارین لە کاتەکانى دواى نیوەڕۆ لە سەر ناوچە شاخاوییەکان و نیمچە شاخاوییەکان و سەنتەرى پارێزگاکان لەگەڵ دروستبوونى هەورە بروسکە دەکرێت و بارانبارین شێوازى دابارینى ماوە کورت دەبێت .


رۆژى سێشەممە:
یەکەم رۆژى نەورۆز لە ئەنجامى بەردەوامى ئەو کەشە ناسەقامگیرەی هەیە لەسەر ناوچەکە، ئاسمانی هەرێم هەور دەبێت و کەشوهەوا کەمێک سارد دەبێت. کاتى دابارین لە ناوچە شاخاوییەکان لە زۆربەى کاتەکان بارانبارینى کورت خایەن هەیە. بەگشتى کاتى دابارین دەکەوێتە دواى نیوەڕۆ لەسەر تەواوى هەرێم لەگەڵ نزمبوونەوەى پلەکانى گەرما ئەگەرى بارینی تەزرە و دروستبوونى هەورە بروسکەش هەیە .

 

رۆژى چوارشەممە:
لە ئەگەرى دروست نەبوونى گۆڕانکاری، نا سەقامگیرى کەشى ناوچەکە بەردەوامى دەبێت،
 ئاسمانی هەرێم هەورو نیمچە هەور دەبێت و پێشبینى دەکرێت دابارین کەمتربێت بە بەراوورد بە رۆژانى پێشووتر و ئەگەرى باران زیاتر لەسەر بەشێک لە ناوچە شاخاوییەکان دەبێت .

لەکۆتایی راگەیەنراوەکەشدا هاتووە، لەبەر ئەو کەشە ناسەقامگیریەى ئەو چەند رۆژەى داهاتوو، شەپۆڵێکى هەورە بروسکە لە کاتى بارانبارین هەیە لەسەر ناوچەکە، هەربۆیە کەشناسی هۆشداریدەداتە هاوڵاتییان دوورکەونەوە لە شوێنە بەرزەکان و ناوچە شاخاوییە بەرزەکان بۆ سەلامەتى و خۆپاراستن لە کاتی هەورەبروسکەدا.

ئەمە لەکاتێکدایە، هەر ئەمڕۆ بەڕێوەبەرایەتی گشتی کەشناسی هەرێم راگەیەنراوێکی بڵاوکردەوە و تیایدا هاتووە، ئەمڕۆ ئاسمان هەور دەبێت و تاوەباران دەبارێت و ئەگەری دروستبوونى هەورە بروسکەش هەیە.

دەشڵێت، لە ئێوارەدا بارانبارین لە پارێزگاى سلێمانى و ناوچە شاخاوییەکانى ئیدارەى راپەڕین و بەشێک لە ناوچە شاخاوییەکانى هەولێر زیاتر دەبێت.

لەبارەی پلەکانی گەرما بۆ ئەمڕۆ باسی لەوەکردووە، ئەمڕۆ بەراورد بە دوێنێ پلەکانی گەرما دوو بۆ سێ پلە دادەبەزن و کەش ساردتر دەبێت.

کـ - ئـ

 


 













گەلەری