سەردێڕ:

رێبوار ئەوڕەحمان: ئەگەر هەرێم پابەندی پرۆژەیاسای بودجە بێت خەڵک خۆشگوزەران دەبێت

PM:04:23:19/03/2023

1432 جار خوێندراوەتەوە

وتەبێژی فراکسیۆنی نەوەی نوێ لە پەرلەمانی عێراق بە ئێن ئاڕ تی راگەیاند، ئەگەر هەرێم پابەندی پرۆژەیاسای بودجە بێت خەڵکی هەرێم دەکەوێتە خۆشگوزەرانییەوە.


رێبوار ئەوڕەحمان وتەبێژی فراکسیۆنی نەوەی نوێ لە پەرلەمانى عێراق ئاماژەی بەوەشدا، ئەگەر هەرێم پابەند بێت بە پرۆژە یاسای بودجەوە ئەوا هاوڵاتییانی هەرێم دوو جار سودمەند دەبن.

دەشڵێت، بە ناردنی شایستە داراییەکان بۆ هەرێم دۆخی ئابوری دەبوژێتەوە و کێشەی موچەش نامێنێت.

ئەوەشی خستووەتەڕوو، پارەی داهاتی نەوتی هەرێمیش شەفاف دەبێت و دزی تێدا ناکرێت.

ئەمە لەکاتێکدایە، هەر ئەمڕۆ موعین کازمی ئەندامی لیژنەی دارایی لە پەرلەمانی عێراق بە دیجیتاڵ میدیای ئێن ئاڕ تی راگەیاند، ئەو رێککەوتنەی لەگەڵ هەرێم کراوە بەوجۆرەیە کە هەرێم رۆژانە بڕی ٤٠٠ هەزار بەرمیل نەوت هەناردە بکات و داهاتەکەی بخرێتە هەژمارێکی بانکی کە لەژێر چاودێری حکومەتی ناوەندیدا دەبێت و بەپێی ئەو داهاتەش پشکی هەرێم بە ١٢.٦٪ دیاریکراوە.

باسی لەوەشکرد، بەگوێرەی زانیارییەکانیان هەرێم رۆژانە ٦٥٠ هەزار بەرمیل نەوت هەناردە دەکات جگە لە داهاتەکانی خاڵەسنورییەکان و داهاتەکانی باج و پێویستە داهەتەکانی هەرێم لای بەغدا رونبن بۆئەوەی هەردوولا متمانەیان بە یەکتر هەبێت و لێکتێگەشتن دروست ببێت و روونی لە داهاتدا ببینرێت لە هەموو لایەنەکان و بە تایبەتیش لەرووی هەناردەی نەوت و داهاتە جیاوازەکان و ژمارەی فەرمانبەران تاوەکو خزمەت بە دانیشتوانی هەرێم بکرێت.

لە ١٣ـی ئازاری ٢٠٢٣دا ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق پرۆژەیاسایی بودجەی ساڵانی ٢٠٢٣ و ٢٠٢٤ و ٢٠٢٥ـی پەسەند کرد و رەوانەی پەرلەمانی کرد و بۆ ئەمساڵ ١٠٤ ترلیۆن و ٥٥٢ ملیۆن و ٩١٩ هەزار و ٦٣ دۆلارە و نرخی هەور بەرمیلێکی نەوتیش بە ٧٠ دۆلار مەزەندە کراوە و هەر دۆلارێکیش بە هەزار و ٣٠٠ دینار دایاریکراوە.

لە پرۆژەیاساکەدا، پشکی هەرێم بە ١٢.٦٪ مەزەندە کراوە و هەرێم پابەند کراوە بە ئاشکراکردنی داهاتە ناوخۆیی و نەوتییەکانی بۆ بەغدا.

بەپێی پرۆژەیاساکەش پێویستە هەرێم رۆژانە بڕی ٤٠٠ هەزار بەرمیل نەوت هەناردە بکات و مانگانە وەزارەتی سامانە سروشتییەکانی هەرێم راپۆرتی داهاتەکان بداتە وەزارەتی سامانە سروشتییەکانی عێراق و دیوانی چاودێری ناوەندی و پاکتاوی هەژمارەکانیان بکەن.


کـ - ئـ 












گەلەری