سەردێڕ:

ئۆکرانیا: رێککەوتنی دانەوێڵەمان نوێکردووەتەوە

PM:04:00:19/03/2023

2676 جار خوێندراوەتەوە

وەزیری ژێرخانی ئۆکرانیا رایگەیاند، بڕیار دراوە رێککەوتننامه‌ی هەناردەکردنی دانەوێڵە بۆ ماوەی ١٢٠ رۆژ درێژبکرێتەوە.


ئۆلێکساندر کوبراکۆڤ وەزیری ژێرخانی ئۆکرانیا لە تویتێکدا ئاماژەی بەوەشکردووە، لە ئەنجامی هەوڵەکانی سەرجەم لایەنەکانی رێککەوتنەکە ٢٥ ملیۆن تۆن دانەوێڵەی ئۆکرانی گەیەندراونەتە بازاڕەکانی جیهان.

ئەوەشی خستووەتەڕوو، ئۆکرانیا سوپاسی رەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆکۆماری توركیا و خولوسی ئاکار وه‌زیری به‌رگریی توركیا و ئەنتۆنیۆ گۆتێرێسی سکرتێری گشتی نەتەوەیەکگرتووەکان دەکات ‌بۆ پابەندبوون بە رێككه‌وتننامه‌كه‌.

رێککەوتننامه‌ی رێڕەوی دانەوێڵە لە ٢٢ی تەمووزی ٢٠٢٢دا لە ئیستانبوڵ لە نێوان تورکیا، ئۆکرانیا، روسیا و نەتەوەیەکگرتووەکان واژووکرا و ئەمڕۆ کۆتایی بە وادەکەی هات و لە لایەن وڵاتانی بەشدارەوە درێژ کرایەوە.

روسیاش ئاماژەی بەوەدا رێککەوتنەکەی بەمەرجی ئەوە درێژکردووەتەوە کە ئۆکرانیا سەرجەم مەرجەکانی رێککەوتنەکەی پێشوو جێبەجێبکات و رێگا بدات روسیاش دانەوێڵەکانی هەناردە بکات.

ئەمەش لە کاتێکدایە ماوەی زیاتر لە ساڵێکە جەنگی نێوان روسیا و ئۆکرانیا بەردەوامە و ئەو دوو وڵاتە یەکێکن لە سەرەکیترین هەناردەکارانی دانەوێڵە لە جیهان و پێش رێککەوتنی دانەوێلە هەناردەکردنی دانەوێلە لەو دوو وڵاتەوە بۆ جیهان کێشەی تێکەوتبوو.













گەلەری