سەردێڕ:

ئەندامێکی پێشووی لیژنەی دارایی زانیاری نوێی لەبارەی بودجەوە ئاشکرا کرد

PM:10:06:18/03/2023

8244 جار خوێندراوەتەوە

ئەندامێکی پێشووی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق رایگەیاند، بەپێی پرۆژەیاسایی بودجەی ٢٠٢٣ هەموو سێ مانگ جارێک پاکتاوی هەژمارەکانی هەرێم دەکرێت و پشکی هەرێم لەو سێ مانگەدا دیاری دەکرێت و حکومەتی ناوەندی خۆی تێچوو و کرێی کۆمپانیا نەوتییەکان دەدات. ئەندامێکی لیژنەی نوسینەوەی دەستوری عێراقیش دەڵێت، "لە دەستوردا چارەسەر بۆ کێشە داراییەکان دانەنراوە".


شێروان میرزا ئەندامی پێشووی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق لە بەرنامەی تاوتوێی ئێن ئاڕ تی باسی لەوەکرد، هەولێر و بەغدا رێککەوتوون لەبارەی کێشەی نەوت و غاز کە بووەتە سەرچاوە بۆ کێشەی هەرێم.

وتیشی، پاش بڕیارەکەی دادگای ناوەندی هەرێم و بەغدا ناچار بوون رێککەوتنێک بکەن بۆ رێکخستنەوەی فرۆشتنی نەوت و گازی هەرێم.

ئاماژەی بەوەشکرد، لە پرۆژەیاسایی بودجەی ساڵی ٢٠٢٣دا هاتووە کە دەبێت داهاتی ئەو ٤٠٠ هەزار بەرمیل نەوتەی رۆژانە هەرێم دەیفرۆشێت لە بانکێک دابنرێت و تەنها سەرۆکوەزیرانی هەرێم بۆی هەبێت ئەو پارەیە رابکێشێت و دەستکاری بکات، بەڵام پێویستە هەژمارەکە لەژێر چاودێری دیوانی چاودێری دارایی هەرێمدا بێت و مانگانە وەزارەتی دارایی هەرێم سەرجەم راپۆرتەکانی بداتە بەغدا و لەوێوە پەسەند بکرێت.

شێروان میرزا ئەوەشی خستەڕوو، بەپێی پرۆژەیاسایی بودجەی ٢٠٢٣ هەموو سێ مانگ جارێک پاکتاوی هەژمارەکانی هەرێم دەکرێت و پشکی هەرێم لەو سێ مانگەدا دیاری دەکرێت و حکومەتی ناوەندی خۆی تێچوو و کرێی کۆمپانیا نەوتییەکان دەدات.

باسی لەوەشکرد، ئەو یاسایانەی لە پرۆژەیاسای ٢٠٢٣ـدا لەبارەی کێشەی هەرێم و بەغداوە هاتووە تاوەکو ئەو کاتە بەکاردێن کە یاسایەکی تایبەت بە نەوت و غاز دابنرێت.

دەشڵیت، "یاسای نەوت و غاز بەشێکی زۆری گرفتەکانی هەرێم و بەغدا چارەسەر دەکات".

بەپێی زانیارییەکانی ئەو پەرلەمانتارە دادگای پاریس لە بەرژەوەندی عێراق بڕیاری لەبارەی دۆسیەی یاسایی بوونی فرۆشتنی نەوت و غازی هەرێم داوە و پێشتریش دادگای باڵای ناوەندی فرۆشتنی نەوت و غازی هەرێمی بە نایاسایی دانا و ئەمانەش وادەکات کە هەرێم و عێراق ناچار بن یاسای نەوت و غاز بنوسنەوە و پابەندی ئەو رێککەوتنانە بن کە ئێستا هەیە.

هاوکات، محمەد عومەر مەولود، ئەندامی لیژنەی نوسینەوەی دەستووری عێراق لە تاوتوێی ئێن ئاڕ تیدا رایگەیاند، دەستوری عێراق کەمووکورتی تێدایە چونکە فیدراڵییەت واتای دابەشکردنی دەسەڵات و داهات دێت و دەبێت لە دەستوور پشکی هەرێم دیاریبکرێت، بەڵام لە دەستوری عێرق چارەسەر بۆ کێشە داراییەکان نەکراوە.

ئەوەشی خستەڕوو، هەرێم کەموکورتی بەرامبەر حکومەتی ناوەندی هەبووە و بەغدا پێی ناخۆش بووە کە هەرێم خۆی نەوت بفرۆشێت و لە چەندان وڵات سزای لە دژی هەرێم تۆمارکراوە. دەبوو هەرێم بەپێی پشکی خۆی لە دەستور نەوتەکەی رادەستی حکومەتی ناوەندی بکردایە.

محمەد عومەر مەولود وتیشی، دەبێت هەرێمی دەستی هەبێت لە هەمواردنەوەی دەستور و رێگا نەدات مافەکانی کەم بکات یان بخورێت.

دەشڵێت، ئێستا دەرفەتێکی باشە بۆ هەرێم و عێراق بۆ رێککەوتن و چاوەڕوان دەکرێت لەمساڵدا پەرلەمان یاسای نەوت و غاز پەسەند بکات.

راشیگەیاند، دۆخی خەڵکی هەرێم نالەبارە و خەڵک چاوەڕوان بوون ژیانێکی شایستە بژین نەک رۆژانە چاوەڕێی موچە بکات هەوڵبداتپێداویستییە سەرەکییەکانی دابین بکات.

ئەمەش لە دوای ئەوەدێت لە ماوەی رابردوودا، دادگای باڵای فیدراڵی رایگەیاند، فرۆشتنی نەوت و غازی لە لایەن حکومەتی هەرێمەوە نایاساییەوە و ئەو بڕە پارەیەشی لە بەغداوە دێتە هەرێم هەر نایاساییە، بەڵکو دەبێت هەرێم بەپێی پشکی خۆی پارە وەربگرێت.

هەروەها، لە رۆژی ١٣ی ٣ی ٢٠٢٣ لە کۆبوونەوەی ئەنجومەنی وەزیرانی عێراقدا بەسەرۆکایەتی محەمەد شیاع سودانی، سەرۆکی حکومەتی عێراق پرۆژە یاسای بودجەی ساڵەکانی ٢٠٢٣ و ٢٠٢٤ و ٢٠٢٥ پەسەندکرد.

بەگوێرەی پڕۆژە یاساکە حکومەتی عێراق بودجەی ساڵی ٢٠٢٣ی بە بڕی ١٩٨ ترلیۆن دینار پەسەندکرد کە دەکاتە ١٤٠ ملیار دۆلاری ئەمریکی و تیایدا پشکی هەرێم بریتییە لە ١٢.٦٧٪.



ئـ - کـ













گەلەری