سەردێڕ:

وەزارەتی بازرگانی عێراق لە بارەی هاوردەکردنی دانەوێڵەی کوالێتی خراپەوە روونکردنەوەیدا

PM:09:06:18/03/2023

1980 جار خوێندراوەتەوە

وەزارەتی بازرگانی عێراق رایگەیاند، رەتیدەکەنەوە دانەوێڵەی کوالێتی خراپییان هاوردەی عێراق کردبێت و سەرجەم ئەو دانەوێڵەیەی هاوردە دەکرێت لە سەرچاوە و بازاڕی جیهانییەوە دەهێنرێت و لە جارێک زیاتر پشکنینی کوالێتی کۆنتڕۆڵی بۆ دەکرێت.


وەزارەتی بازرگانی عێراق راگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە و تێیدا هاتووە، وەزارەتی بازرگانی عێراق لە باشترین سەرچاوە جیهانییەکانی وەک ئوسترالیا و کەنەدا و ئەمریکا دانەوێڵە هاوردە دەکات کە لە بازاڕە جیهانییەکاندا بە باشترین سەرچاوە ناسێنراون.

دەشڵێت، ئەو دەنگۆیانە رەتدەکەنەوە کە گوایە وەزارەتی بازرگانی دانەوێڵەیەک لە ئوستورالیاوە هاوردە بکات کە بۆ خواردن نەشیاو بێت.

ئەوەشی ئاشکرا کرد، ئەو دانەوێڵەیەی هاوردەی عێراق دەکرێت بە ژێر پشکنینی بەندەرە جیهانییەکان و بەندەری ئوم قەسر لە لقی کوالێتی کۆنتڕۆڵی سەر بە کۆمپانیای گشتی بازرگانی دانەوێڵەی سەر بەوەزارەتی بازرگانیدا رۆشتووە.

راگەیەنراوەکەی وەزارەتی بازرگانی ئاماژەی بەوەشداوە، دەرگاکانی وەزارەتی بازرگانی بەردەوام کراوەیە و بە شەفافیەتی تەواو کاردەکەن لە هەر پرسێک کە مشتومڕی لێبکەوێتەوە و ئامادەیە بۆ گفتوگۆکردن و پەیوەندی تەواو بۆ گەیشتن بە راستییەکان.

ئەوەشی خستەڕوو، بریکارەکانی وەزارەتی بازرگانی عێراق بە وریاییەوە کاردەکەن لە پێناو دابینکردنی ئاسایشی خۆراک لەو دۆخە سەختانەی رووبەڕووی جیهان بووەتەوە بەهۆی قەیرانی خۆراکەوە بە تایبەتی لە هاوردەکردنی گەنم کە گرنگترین خۆراکی ستراتیجییە.

باسی لەوەشکردووە، وەزارەتی بازرگانی عێراق لە ژێر سێبەری حکومەتدا کاردەکات و توانیویەتی ئاسایشی خۆراک لە وڵاتدا دابینبکات و پێویستییەکانی دانەوێڵە لە عێراقدا بەدەستبخات.

ئەمەش لە دوای ئەوە دێت، چەند پەرلەمانتارێکی عێراق لێدوانیان بە کەناڵە ناوخۆییەکان دابوو، گوایە کە وەزارەتی بازرگانی دانەوێڵەی نەشیاو بۆ خواردنی لە ئوستورالیاوە هاوردە کردووە.

ئـ - ع













گەلەری