وەزارەتی بازرگانی عێراق بە کردنەوەی چەند دەروازەیەکی فرۆشتنی وەزارەتەکە لە چوار پارێزگا لە هەفتەی داهاتوو و دابەشکردنی بەشەخۆراک و زیادکردنی چەند ماددەیەک بۆ سەبەتەی خۆراک رێگری لە بەرزبوونەوەی نرخی خۆراک دەکات لە مانگی رمەزاندا.
لوما موسەوی، بەڕێوەبەری گشتی کۆمپانیای بازرگانی خۆراک رایگەیاند، کۆمپانیای گشتی بازرگانی خۆراک سەرجەم ئامادەکارییەکانی بۆ کردنەوەی فرۆشگای نوێی بازاڕکردن لە عێراق تەواو کردوە.
دەشڵێت، بازاڕە هاوبەشەکانی بریتین لە سێ فرۆشگا لە پارێزگای بەغدا، یەک
فرۆشگا لە پارێزگای نەینەوا، فرۆشگایەک لە زی قار، و فرۆشگایەکی دیکە لە میسان دەکرێتەوە.
ئاماژەی بەوەشکرد، هەفتەی داهاتوو فرۆشگاکان دەکرێنەوە، هاوڵاتییانیش دەتوانن،
هەموو خۆراکەکان بە نرخێکی کێبڕکێکار بدۆزنەوە کە لەگەڵ نرخی تێچوونەکاندا دەگونجێت
بەبێ هیچ قازانجێک بۆ کۆمپانیاکە.
لوما موسەوی باسی لەوەشکرد، گرتنەبەری ئەو رێوشوێنانە یارمەتیدەر دەبن بۆ
کەمکردنەوەی نرخی خۆراک لە مانگی رەمەزاندا و ئەو خۆراکەنی لەو فرۆشگایە دەفرۆشرێن
پاڵپشتی کراون و بریتین لە ماسی و گۆشت و شەربەت و مریشک و هێلکە و شیر و پەنیر و پەلەوەر و برنج و چا و دەستکێش و دایبی منداڵان و هەموو ئەو
کەرەستانەی کە هاوڵاتییان پێویستیان پێیەتی.
سەبارەت بە دابەشکردنی سەبەتەی خۆراکی رەمەزان، لەما موسەوی وادەی دابەشکردنی
ئاشکراکردوو رایگەیاند، لە ١٨ی ئازارەوە دەست دەکرێت بە دابەشکردنی سەبەتەی خۆراکی
تایبەت بە رەمەزان و هەموو ماددەکان ئامادەن بە ماددە زیادکراوەکانیشەوە.
وتیشی، دابەشکردنی ئەو بەشە خۆراکە لە رەمەزاندا نرخی خواردن لە بازارەکاندا
جێگیر دەکات.
ئەمە لەکاتێکدایە، لەماوەی رابردوودا، بە بڕیاری ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق
سەبەتەیەکی خۆراکی تایبەت بەو مانگە تایبەت کراو چوار ماددەی خۆراکی زیادکران کە
بریتین لە ئاردی سفر و نیشاستە و مەعکەرۆنی و تەبەقێک هێلکە بۆ هەر ماڵێک.
ک - ک