بەڕێوەبەرایەتی بەرگری شارستانی سلێمانی رایگەیاند، لەبەر ئەوەی بومەلەرزە پێشبینیکردنی روودانی ئەستەمە بەمەبەستی دوورکەوتنەوە و رێگریکردن لەو مەترسییانەی لە ئەنجامی بومەلەرزە دەکەوێتەوە پێویستە بە خێرایی رێگا چارەی گونجاو بگیرێتەبەر و پابەندی راسپاردە و رێنماییەکانبن.
بەڕێوەبەرایەتی بەرگری شارستانی سلێمانی دوبەدوای روودانی بومەلەرزەکەی ئەمشەوی شاری سلێمانی و هەڵەبجە و چەند ناوچەیەکی دیکەی هەرێمی کوردستان راگەیەنراوێکی بڵاوکردەوە و تیایدا چەند رێنمایی و راسپاردەیەکی بەمەبەستی خۆپارێزی لە زیانەکانی خستەڕوو کە بریتین لە:
١-چۆڵکردنی ماڵ و باڵەخانەی
نیشتەجێبوون دەستبەجێ و وەستان لە گۆڕەپانە چۆڵەکاندا.
٢- دوورکەوتنەوە لە پەنجەرە
شوشەکان بە مەودایەکی پارێزراو لە کاتی چۆڵکردنی یەکەکانی نیشتەجێبوون.
٣- بە هیچ شێوەیەک سەرنەکەوین بۆ سەربانی ماڵ و باڵەخانەکان.
٤- دوورکەوتنەوە لە دیوار و سیاج و ستارەی سەربانی ماڵان،
بالکۆن، هەر جۆرە سەقفێکی تر و تابلۆی ریکلامی هەڵواسراوی سەر باڵەخانە بەرزەکان.
٥-دوورکەوتنە لە عەمود
(تاوەر) هێڵی کارەبا و درەختە بەرزە وشکبوەکان.
٦- لەکاتی روودانی (داڕووخان) بە تایبەتی باڵەخانە بەرزەکان
تا بتوانین دووربکەوینەوە لە ئەگەری روودانی هەر داڕمانێکی زنجیرەیی.
٧- وەستاندنی ئۆتۆمبێل و
دابەزین لێی، دووربین لە ترس و دڵەڕاوکێ، تا بتوانین دووربکەوینەوە لە وەستان لە سەر
پرد و ژێر پرد و باڵەخانەی بەرز و ناو تونێلەکان.
٨- پێویستە کارمەندانی دامەزراوەکانی
دەوڵەت هێمن و لەسەرخۆبن لە کاتی چۆڵکردنی فەرمانگەکانیان و پاڵنەنێن بە یەکەوە لە
کاتی دەرچوون لە دەرچەکان (exit).
٩- ئەگەر کەسێک لە دەرەوەی ماڵ بوو پێویستە مەودا و رووبەرێکی
زۆر نەجوڵێت بۆ گەڕان بەدوای گۆڕەپانی چۆڵدا و پاش چاوەڕوانی ئەوجا بگەڕێتەوە بۆ
ماڵەوە.
١٠- دوورکەوتنەوە لە باڵەخانەی نیشتەجێبوون و باڵەخانە نهۆم
بەرزەکان لەبەرئەوەی زۆرترین کاریگەریان دەکەوێتە سەر لە کاتی زەمین لەرزەدا.
١١- بەکارنەهێنانی ئەسانسۆری کارەبایی لە ئەگەری تێکچوون و کەوتنەخوارەوە
بە تایبەتی ئەگەر کارەبای لێ ببڕێت.
١٢- لە کاتی تەواوبوونی زەمین
لەرزەدا پێویستە بۆ ماوەیەکی کەم بوەستین لەبەرئەوەی لەوانەیە لە کاتی تەواوبوونیدا
جوڵە (لەرزە) ی گەڕاوەی تر بەدوای خۆیدا بهێنێت.
١٣- دوورکەوتنەوە لە کەنار دەریاکان لەبەرئەوەی بومەلەرزەکان
زۆرجار بەرزبوونەوەی شەپۆلەکان (تسۆنامی) لەگەڵدایە.
١٤- بە شێوەیەکی دەروونی خۆت ئامادە بکە بۆ بومەلەرزەی
دواتر و روودانی بە دوور مەزانە.
١٥-پێویستە مامۆستایان خوێندکاران
هێوربکەنەوە و بیانبەنە دەرەوە لە پۆلەکانیان بۆ گۆڕەپانی قوتابخانە یاخود گۆڕەپانی
چۆڵی تر نزیک لە قوتابخانە.
١٦-لەسەر خاوەن کارگەکان پێویستە
شوێنی کارەکانیان چۆڵ بکەن لە کرێکار، وە سەرچاوەی کارەبا و بکوژێننەوە و قفڵی خەزانی
غاز و سوتەمەنیەکان بگرنەوە هەمان رێکار بۆ یەکەکانی نیشتەجێبوون و ماڵیش پێویستە.
١٧- لەسەرخۆبە و خۆت شپرزە مەکە و بە شێوەیەکی دروست مامەڵە
بکە لەبەرئەوەی بومەلەرزە کارەساتێکی سروشتییە و پێویستە مامەڵەی لەگەڵ بکرێت هەر
وەک پێناسە کراوە بەوەی کە بریتییە لە هێزێکی مت (شاراوە) ی زیادە لە زەویدا کە
ئازادبوونی (دەرچوونی ئەو هێزە) بە شێوەیەکی لە پڕە.
١٨- پێویستە بە زوترین کات
پەیوەندی بکرێت بە هێڵی کۆنترۆڵی بەرگری شارستانی 115 کە بێ بەرامبەرە بۆ هەموو تۆڕەکان
لە ئەگەری روودانی رووداوێکی نەخوازراو.
ئەمە لەکاتێکدایە، ئەمشە
کاتژمێر ٩:٣٢ خولەک بومەلەرزەیەک بە گوڕی
٥.١ پلە بەپێوەری رێختەر لە ناوچەكانی سنوری ئێران عێراق لە باكوری رۆژهەڵاتی هەڵەبجە
بەدوری ٦۷ كیلۆمەتر لە شاری سلێمانی روویدا و لە هەریەک
لە شاری سلێمانی و کەرکوک و گەرمیان و دەربەندیخان هەستی پێکرا.
کـ -ئـ