سەردێڕ:

دوای نزیکەی سێ ساڵ سێ لە زیندانیانی بادینان بە خانەوادەکانیان شادبوونەوە

PM:06:08:16/03/2023

3128 جار خوێندراوەتەوە

دوای نزیکەی سێ ساڵ لە دەستگیرکردنیان سێ چالاکوان و رۆژنامەوانی بادینان ئازادکران و گەڕانەوە ناو خانەوادەکانی خۆیان.


ئەمڕۆ، دوای نزیکەی سێ ساڵ لە زیندانیکردنیان هەریەک لە شڤان سەعید و ئەیاز کەرەم و هاریوان عیسا، چالاکوانانی بادینان ئازادکران و گەڕانەوە ناو خانەوادەکانیان.

شڤان سەعید بە ئێن ئاڕ تی راگەیاند، "دڵخۆشین بە ئازادبوونمان سوپاسی تۆڕی پارێزەری خۆبەخشان دەکەین و هەموو ئەو لایەنانەی هاتبوونە سەر هێڵ".

یەکێک  پارێزەرانی کەیسی زیندانیکراوانی بادینان لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەنوسیدا رایگەیاند، "پیرۆزبای لە خەڵکی بادینان دەکەین و هیوادارین ئەوانەی لە زیندان ماونەتەوە ئازاد بکرێن و پێیان شاد بینەوە".

وتیشی، سوپاسی میدیاکاران دەکەن بەردەوام لەگەڵیان بوون و وایان کرد کەیسەکە بگاتە باڵیۆز و کونسوڵخانەی وڵاتان.

هەروەها، ئەیاز کەرەم وتی، پارتی لە دەستپێکی دەستگیرکردنی ئەواندا، کە ئۆپراسیۆنێکی دژە دیموکراسی بوو، پێی وابوو خەڵکی بێدەنگ دەکات، بەڵام ئەمڕۆ دەرەنجامی ئەو کەیسە چۆن بووە دەبێت بۆ خەڵکی روون بکرێتە.

دەشڵێت، "دڵمان لای ئەوانەیە کە ئازاد نەکراون کە شێروان شێراوانی و گوهدار زێبارییە و تا ئێستا لە ژێر زوڵمدان".

هاوکات، سیپان ئامێدی پەرلەمانتاری فراکسیۆنی نەوەی نوێی خولی پێنجەمی پەرلەمانی کوردستان ئاماژەی بەوەدا، ئەو چالاکوانانە بێ تاوان زیندانیکرابوون.

وتیشی، سوپاسی هەموو ئەوانە دەکەن کە رۆڵیان هەبوو لە ئازادکردنی ئەو چالاکوانانە.

سیپان ئامێدی وتیشی، ئەمڕۆ درێژکرنەوەی ماوەی زیندانی کردنی گوهدار زێباری جارێکی تر سوکایەتی بوو بە دادگا.

ئەمە لەکاتێکدایە، ئەمڕۆ هەریەک لە شڤان سەعید و هاریوان عیسا و ئەیاز کەرەم دوای نزیکەی سێ ساڵ لە بەندکردنیان ئازاد کران.

نزیکەی سێ ساڵە ژمارەیەک چالاکوان و رۆژنامەنووسی بادینان لەلایەن دەزگای هەواڵگری هەرێمەوە بە چەند تۆمەتێک دەستبەسەرکراون و دادگای پێداچوونەوەی هەرێم سزای زیندانی شەش ساڵی بەسەر پێنج لەو چالاکوانانە سەپاند.

دوای ماوەیەک سزاکەیان کەمکرایەوە و ئەمڕۆ سێ لە چالاکوانان ئازادکران.

هاوکات، لە مانگی ئەیلولی ئەمساڵدا شێروان شێروانی ئازاد دەکرێت، بەڵام گوهدار زێباری لە دادگای هەولێر سزای حەوت مانگ زیندانی دیکەی بەسەردا سەپێندرا.

ک -ک













گەلەری