بەهۆی رووداوێکی هاتوچۆوە لەسەر رێگای سلێمانی – دووکان لە نزیک گوندی کانی خان ئەفسەرێکی پێشمەرگە گیانی لەدەستدا و سێ پێشمەرگەی دیکەش بە سەختی برینداربوون.
دوای نیوەڕۆی ئەمڕۆ پێنجشەممە، ئۆتۆمبێلێکی هێزەکانی پێشمەرگە وەرگەڕا و بەهۆیەوە ئەفسەرێک بە پلەی نەقیب بە ناوی "ئاریاس"ەوە گیانی لەدەستدا و ئەفسەرێک و دوو پێشمەرگەی دیکەش برینداربوون.
ئۆتۆمبێلەکە سەر بە فەرماندەیی
هێزەکانی پشتیوانی دووە و بەپێی راگەیەندراوی فەرماندەییەکە لە کاتی ئەرکی فەرمیدا بوون و سەرجەم سەرنشینەکانی پێشمەرگەبوون و نەقیب ئاریاس کە ئەفسەری فەرمانگەی گواستنەوە بووە، بەهۆی روداوەکەوە دەستبەجێ گیانی لەدەستداوە و ئەفسەرێکی دیکەش بەناوی تەڵعەت شەریف کە پلەی عەمید روکنە بریندارە و دوو پێشمەرگەکەی دیکەش جێگری ئەفسەرن بە ناوەکانی محەمەد حەسەن و ستار محەمەد بریندارن و لە ئێستادا لەژێر چاودێری پزیشکیدان.
هاوکات، بەڕێوەبەرایەتی
هاتوچۆی سلێمانی راگەیەنراوێکی بڵاوکردەوە و تیایدا هاتووە، لە ئەنجامی وەرگەڕانی
ئۆتۆمبێلێکی هێزەکانی پێشمەرگە لە سەر رێگای سلێمانی – دوکان لە نزیک گوندی کانی
خان ئەفسەرێک گیانی لەدەستدا و سێ کەسی دیکە بە سەختی برینداربوون.
فەرماندەیی هێزەکانی پێشتیوانی
دوو لە رابردوودا سەر بە هێزەکانی حەفتا بوو لە ئێستادا سەر بە وەزارەتی پێشمەرگەیە.
ک.ک