سەردێڕ:

سودانی: بەپارێزگاکردنی هەڵەبجە ئەرکێکی ئەخلاقییە

PM:02:39:16/03/2023

1916 جار خوێندراوەتەوە

سەرۆکوەزیرانی عێراق و سەرۆکی پەرلەمانی عێراق جەخت لە بەپارێزگاکردنی هەڵەبجە دەکەنەوە و رایدەگەیەنن هەموو هەوڵێکی خۆیان بۆ پاڵپشتی تەواوکردنی رێکارە یاساییەکان دەخەنەگەڕ. سەرۆکوەزیرانی عێراقیش وتی، "بەپارێزگاکردنی هەڵەبجە ئەرکێکی ئەخلاقییە."


لە ساڵیادی کیمیابارانکردنی هەڵەبجەدا هەریەک لە محەمەد شیاع سودانی سەرۆکوەزیرانی عێراق و محەمەد حەلبوسی سەرۆکی پەرلەمانی عێراق پەیامی تایبەت بە ساڵیادەکەیان بڵاوکردەوە. لایخۆیەوە سودانی ئاماژەی بەوەکردووە، "ئەمڕۆ لە ساڵیادی یەکێک لە کردە تاوانکارییە قێزەونەکانی دژ بەمرۆڤایەتین کە لەلایەن رژێمی پێشووی دیکتاتۆری عێراقەوە دژ بە شاری هەڵەبجە ئەنجامدرا."

هاوکات سەرۆکوەزیرانی عێراق، دووپاتی کردەوە کە لە ئەنجومەنی وەزیران دەنگیان لەسەر پرۆژەیاسای بەپارێزگاکردنی شارەکە داوە و ئەوەش بەر لە هەر شتێکی دیکە ئەرکێکی ئەخلاقییە کە پێویستە جێبەجێبکرێت.

لەلایەکی دیکەوە، محەمەد حەلبوسی لە ٣٥ـەم ساڵیادی کارەساتەکەدا رایگەیاندووە، "هاوسۆزی خۆمان بۆ کەسوکاری قوربانیان دەردەبڕین و دژی ئەو نادادی و ستەمەین کە دژ بە خەڵکی شارەکە ئەنجامدراوە." دەشڵێت، "هەموو هەوڵێک لەپێناو تەواوکردنی رێکارە یاساییەکانی بەپارێزگاکردنی شارەکە دەخەینەگەڕ."

ئەمڕۆ ١٦ی ئازار، ٣٥ ساڵ تێدەپەڕێت بەسەر کیمیابارانکردنی پارێزگای هەڵەبجەدا، کە ساڵی ١٩٨٨ ، لەلایەن رژێمی بەعسی عێراقەوە شاری ھەڵەبجە کیمیاباران کرا.













گەلەری