سەردێڕ:

تەواوی زانیارییەکان لەبارەی کەوتنەخوارەوەی هەلیکۆپتەرەکەی سنووری پارێزگای دهۆک

AM:09:40:16/03/2023

13384 جار خوێندراوەتەوە

دژە تیرۆری کوردستان رایگەیاند، دوای ئەوەی لە شەوی رابردوو هەلیکۆپتەرێک لە ناحیەیەکی سەر بە پارێزگای دهۆک کەوتە خوارەوە، سەرجەم سەرنشینەکانی گیانیان لەدەستدا و تا ئێستا دیار نییە ئەو هەلیکۆپتەرە سەر بە چ لایەنێکە بەڵام لێکۆلینەوەکان بەردەوامە.


دژە تیرۆری هەرێم راگەیندراوێکی بڵاوکردەوە و تێیدا هاتووە، لە شەوی رابردوو کاتژمێر ٨:٤٠ی شەو هەلیکۆپتەرێک لە نزیک گوندی بێرکیات لە ناحیەی چەمانکێی سەر بە پارێزگای دهۆک کەوتە خوارەوە و سەرجەم سەرنشینەکانی گیانیان لەدەستدا.

ئاماژەی بەوەشداوە، لایەنە پەیوەندیدارەکانی حکومەتی هەرێم و عێراق پەیوەندیان بە هاوپەیمانان و تورکیاوە کردووە لەبارەی رووداوی کەوتنە خوارەوەی هەلیکۆپتەرەکە بەڵام لە وەڵامدا وتویانە، "هەلیکۆپتەرەکە هی ئەوان نییە."

ئەوەشی خستووەتەڕوو، هێزە ئەمنییەکانی هەرێم دەستیان کردووە بە بەدواداچوون و لێکۆڵینەوە ئاشکرایان کردووە کە ئەو هەلیکۆپتەرە لە جۆری "Eurocopter AS350 "ـە و ئەو سەرنشینانەی تێێدابوون گیانیان لەدەستداوە، چەند ئەندامێکی پەکەکە بوون.

هاوکات، چاوگێک لە پەکەکە بە ئێن ئاڕ تی راگەیاند، "ئەو هەلیکۆپتەرە و سەرنشینەکانی هیچ پەیوەندییان بە ئێمەوە نییە."

هێلیکۆپتەرەکە لە نزیک کەمپی کۆمپانیایەکی نەوت لە چەمانکێ کەوتووەتە خوارەوە و تا ئێستا هۆکارەکەی نازانرێت، هێزە ئەمنیەکان ڕێگریان کرد لەوەی میدیاکان بچنە شوێنی ڕوداوەکە و نازانرێت تەرمی ئەو حەوت کەسەی کە تێیدا گیانیان لەدەستداوە لە کوێیە و چی بەسەرهاتووە، کە دەوتریت تەرمەکان ژن و پیاویشیان تێدایە.

هێلیکۆپتەری AS350 فەڕەنسی بۆ کاری فریاگوزاری و چەند بوارێک بەکاردێت، و توانای هەڵگرتنی شەش کەسی هەیە، نرخەکەی زیاتر لە دوو ملیۆن دۆلارە.

هەرچەندە دەنگۆی فراندنی هێلیکۆپتەرەکە و چەندین دەنگۆی جۆراوجۆر لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان بلاوبوەتەوە بەڵام تا ئێستا هیچ کام لەو زانیارییانە پشت ڕاسنەکراونەتەوە














گەلەری