سەردێڕ:

ئەمڕۆ ٣٥ ساڵ بەسەر کیمیابارانکردنی هەڵەبجەدا تێدەپەڕێت

AM:08:47:16/03/2023

2540 جار خوێندراوەتەوە

ئەمڕۆ ١٦ی ئازار، ٣٥ ساڵ تێدەپەڕێت بەسەر کیمیابارانکردنی پارێزگای هەڵەبجەدا، کە ساڵی ١٩٨٨ لە کۆتایی رۆژەکانی جەنگی ئێران و عێراقدا، لەلایەن رژێمی بەعسی عێراقەوە شاری ھەڵەبجەی کیمیاباران کرد.


لە پێشنیوەڕۆی ١٦ی ئازاری ساڵی ١٩٨٨دا، وەک هاوڵاتیانی دانیشتووی شارەکە کە ئێستا بەرکەوتەی چەکی کیمیایین دەیگێڕنەوە، "لەناکاو بە بۆنی ئەو چەکە بەئاگا هاتنەوە و هێندەی نەبرد شارەکە رووبەڕووی کارەسات بووەوە و تەرمی ئازیزانیان لە هەموو ژوور و ماڵ و کوچە و کۆڵانەکاندا دەبینی."

بەهۆی کیمیابارانکردنی هەڵەبجەوە پێنج هەزار کەس شەهید بوون و زیاتر لە ١٠ هەزار کەسیش بەرکەوتەی ئەو چەکە بوون، کە بەشێکیان لە ژیاندا ماون و بەشێکیان گیانیان لەدەستداوە. ئەوانە جگە لە ونبوونی چەندین منداڵ کە لەلایەن وڵاتانی دیکەوە لەو کاتەدا چاودێری دەکران و نەگەڕانەوە هەڵەبجە، یاخود لە خێزانەکانیان دابڕان.

شایەتحاڵانی ئەو کارەساتە باس لەوەدەکەن، هێرشەکان بۆنی سێوی لێهاتووە. بەشێکیان بەخێرایی گیانیان لەدەستداوە، بەشێکیشیان ماوەیەکیان پێچووە و تووشی کۆکە بوون یان چاویان ئاوی کردووە و گیانیان سپاردووە. کە جگە لە خنکاندن، گازەکان بوونەتە هۆی دروستبوونی بڵق، سووتان، کوێری و ڕشانەوەی ڕەنگ سەوز.


کیمیابارانی هەڵەبجە/ Helebce chemical attack | Kurdistan, the Land of Struggle, Bravery and Beauty



دۆخی هاوڵاتیانی ناوچەکە لە ئێستادا:

ئێستا دوای تێپەڕینی ٣٥ ساڵ بەسەر ئەو کارەساتەدا، هاوڵاتیانی شارەکە گلەیی ئەوەیان هەیە، وەک پێویست قەرەبوو نەکراونەتەوە و شارەکەیان لە خزمەتگوزارییەکان بێبەرییە، بە جۆرێک هێشتا گرفتی ئاو و کارەبا و خزمەتگوزارییە سەرەتاییەکانیان هەیە.

دوو رۆژ لەمەوبەریش خۆپیشاندانێک لەلایەن بەشێکی چالاکوانان و هاوڵاتیانی ناوچەکەوە بەرێوەچوو دژ بە نەبوونی خزمەتگوزارییەکان و باسیان لەوەکرد، کە بایکۆتی یادکردنەوەی کارەساتی کیمیابارانکردنی هەڵەبجە دەکەن.

چاوخشاندنێك بەسەر كارەساتێكی دڵتەزێن (بە بۆنەی 25ی ڕەشەممە و ساڵەهاتی كیمیابارانەكەی هەڵەبجە) - SAHAR KURDISH (Sorani)

بە جینۆساید ناساندنی کارەساتی هەڵەبجە:

یەکەم دانیشتنی دادگا لەسەر کەیسی هەڵەبجە لە ٢١/١٢/٢٠٠٨ ئەنجامدرا. لە ١٧/١/٢٠١٠ دادگا کەیسەکەی بە تاوانی دژ بە مرۆڤایەتی ناساند. لەو چوارچێوەیەشدا سزای لەسێدارەدان بەسەر عەلی حەسەن مەجیدی ژەنەڕاڵی پێشووی سوپای رژێمی بەعس و ئامۆزای سەدام حوسێندا؛ درا و لە ٢٥/١/٢٠١٠دا جێبەجێکرا.

پاش تێهەڵچوونەوە لە بڕیارەکە و لە ٢٨/٢/٢٠١٠دا، پاش (٣٤) دانیشتن، دادگا بڕیاری بە جینۆسایدناساندنی کەیسی هەڵەبجەیدا و کیمیابارانکردنی هەڵەبجە وەک تاوانی جینۆساید لەلایەن دادگاوە ناسێندرا. هەریەک لە (سوڵتان هاشم- فەرحان موتڵەگ- سابر عەبدول عەزیز) بە (١٥) ساڵ زیندانیکردن سزادران.

پەڕلەمانی عێراقیش لە (١٧/٣/٢٠١١)، لە کۆبوونەوەی ئاسایی ژمارە (٤٤)، بە بریاری ژمارە (١٢) کەیسی هەڵەبجەی بە جینۆساید ناساند.

کیمیابارانکردنی هەڵەبجە لەسەر ئاستی عێراق لە دادگای باڵای تاوانکاری عێراق و لە پەڕلەمانی عێراقدا بە جینۆساید ناسێندراوە. بەڵام تا ئێستا لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی بە یاسا بە جینۆساید دانیپێدانەنراوە. تەنها پەرلەمانی کەنەدا وەک تاکە دەوڵەتێک لە (١٦/٣/٢٠١٠) وەک تاوانی دژ بە مرۆڤایەتی ناساندوویەتی نەک تاوانی جینۆساید.
هەڵەبجە وەک خۆی | رووداو.نێت


 













گەلەری