سەردێڕ:

قوباد تاڵەبانی: خاڵەکانی ناو پڕۆژە یاسای بودجە هەموویان قابیلی جێبەجێکردنن

PM:10:21:15/03/2023

2560 جار خوێندراوەتەوە

جێگری سەرۆکی حکومەتی ماوەبەسەرچووی هەرێم رایگەیاند، ئەو خاڵانەی لە پڕۆژە یاسای بودجەی عێراق کە پەیوەستن بە هەرێمی کوردستانەوە هەموویان قابیلی جێبەجێکردنن. دەشڵێت، "هیچ رێگەچارەی تر نییە جگە لەرێککەوتن و پابەندبوون پێوەیانەوە".


قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆکی حکومەتی ماوەبەسەرچووی هەرێم لە فەیسبووکی خۆی بڵاویکردەوە، "لەگەڵ محەمەد شیاع سودانی سەرۆک وەزیرانی عێراق هاوڕابووین کە نابێت هیچ بەربەستێک لەبەردەم زامنکردن و دابینکردنی شایستەی داراییەکانی هاوڵاتیان دروست بکرێت".

دەشڵێت، ئەو خاڵانەی لە پڕۆژە یاسای بودجەی عێراق کە پەیوەستن بە هەرێمی کوردستانەوە هەموویان قابیلی جێبەجێکردنن.

ئاماژەی بەوەشکردووە، هیچ رێگەچارەی تر نییە جگە لەرێککەوتن و پابەندبوون پێوەیانەوە.

ئەمڕۆ، بەمەبەستی بەشداریکردن لە حەوتەمین دیداری سلێمانی، محەمەد شیاع سودانی سەرۆک وەزیرانی عێراق سەردانی شاری سلێمانی کرد و لەگەڵ قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆکی حکومەتی ماوەبەسەرچووی هەرێم کۆبووەوە.

ئەمە لەکاتێکدایە، لە رۆژی ١٣ی ٣ی ٢٠٢٣ لەکۆبوونەوەی ئەنجومەنی وەزیرانی عێراقدا بەسەرۆکایەتی محەمەد شیاع سودانی، سەرۆکی حکومەتی عێراق پرۆژە یاسای بودجەی ساڵەکانی ٢٠٢٣ و ٢٠٢٤ و ٢٠٢٥ پەسەندکرا.

لەوبارەیەشەوە، موعین كازمی ئەندامی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق ئەوەی خستەڕوو موچەی فەرمانبەرانی عێراق لە ٤٢ ترلیۆن دینارەوە بەرزبووەتەوە بۆ ٦٠ ترلیۆن دینار، ئەوەش لەئایندەدا بارگرانی بۆ بودجەی گشتی دروستدەكات.

پێشتریش، لە رۆژی ١١ی ٣ی ٢٠٢٣ ئیخلاس ئەل دلیمی، ئەندامی لیژنەی دارایی لەپەرلەمانی عێراق بە میدیا ناوخۆییەکانی راگەیاند، بەگوێرەی زانیارییەکانی ئەوان پشکی هەرێمی کوردستان لەپرۆژە یاسای بودجەی عێراقدا بۆساڵی ٢٠٢٣ بە ١٢.٦٧٪ی کۆی گشتی بودجەی عێراق دانراوە.

ئەوەشی خستووەتەڕوو، هەتا کاتی ئەنجامدانی سەرژمێری گشتی پشکی هەرێمی کوردستان لە بودجەی گشتی عێراق وەکخۆی دەمێنێتەوە.


کـ - ئـ 












گەلەری