سەردێڕ:

ئەو ئەفسەرەی لێکۆڵینەوەی لەگەڵ سەدام حسێندا کرد زانیاری نوێی لەبارەی گفتوگۆکانیان ئاشکرا کرد

PM:03:24:15/03/2023

4912 جار خوێندراوەتەوە

ئەو ئەفسەرەی لێکۆڵینەوەی لەگەڵ سەرۆکی پێشووتری کۆماری عێراقدا کرد رایگەیاند، بە وتەی سەدام لە عێراقدا چەکی کۆمەڵکوژی بوونی نەبوو. دەشڵێت، "ئەو وێنەیەی سەدام کە لە چاڵەکەدا گیرابوو کاریگەری زۆر خراپی لەسەر دەروونی دروستکردبوو."


جۆرج بیرۆ ئەفسەری پێشووی ئێف بی ئایە و باوکی لوبنانیە و دایکی ئەمەریکییە، لە ساڵی ٢٠٠٣دا هەڵبژێردرا بۆ لێکۆڵینەوە لەگەڵ سەدام حسێن سەرۆکی پێشووتری عێراق و ماوەی حەوت مانگی لەگەڵدا بەسەربردووە. پاش ٢٠ ساڵ زانیاری نوێ لەبارەی گفتوگۆکانی لەگەڵ سەدام حسێندا ئاشکرا دەکات.

جۆرج بیرۆ باس لەوەدەکات، یەکەم چاوپێکەوتنی لەگەڵ سەدامدا ٣٠ خولەکی خایاندووە تێیدا یەکیان ناسیوە و بەبێ ئەوەی هیچ زانیارییەکی پێبدات سەدام زانیویەتی کە عەرەبە و لوبنانییە.

ئاماژە بەوەش دەدات، ئەو وێنەیەی سەدام کە لەکاتی هێنانە دەرەوەی لە چاڵەکەیدا گیرابوو کاریگەری خراپی لەسەر دەروونی سەدام دروست کردبوو و بە درێژایی کات دەیویست ئەو وێنەیە لە مێشکیدا بسڕێتەوە و نەیدەویست لە سێدارە بدرێت، دەشڵێت، "سەدام پێی وتووم نامەوێت بێڕێزیم بەرامبەر بکرێت و بەو جۆرە لەسێدارە بدرێم."

جۆرج بیرو ئەوەشدەخاتەڕوو سەدام پێی وتووە، "عێراق هیچ چەکێکی کۆمەڵکوژی تێدا نییە و دوژمنی وڵاتەکەم ئەمریکا و ئیسرائیل نییە، بەڵکو ئێرانە. ئەو وتارەشی لە ٢٠٠٠ـدا لەبارەی بوونی چەکی کۆمەڵکوژییەوە پێشکەشم کردووە بە مەبەستی ئەوە بووە لەگەڵ ئێران هاوتا ببینەوە."

سەدام ئاشکراشی کردووە، کاتێک لە ساڵی ٢٠٠٢ پێیان راگەیاندووە جۆرج بۆش سەرۆکی پێشووتری ئەمریکا دەیەوێت سوپای وڵاتەکەی بهێنێتە عێراق رێگای پێداون بێن و دڵنیا ببنەوە لە نەبوونی چەکی کۆمەڵکوژ لە وڵاتەکەی، بەڵام دواتر بۆی دەرکەوتووە کە جەنگی ئەمریکا و عێراق هەر دەبێت رووبدات و دەستی بە ئامادەکاری کردووە بۆی.

لە ساڵی ١٩٨٠دا، سەدام حسێن مەجید پۆستی سەرۆککۆماری عێراقی وەرگرت و ماوەی زیاتر لە ٢٣ ساڵ لەو پۆستەدا مایەوە، لە ماوەی حکومڕانیشیدا، چەندین جار چەکی کیمیایی دژ بە خەڵکی عێراق و هەرێمی کوردستان بەکارهێنا، لە نێویشیاندا، بەکارهێنانی چەکی کیمیایی دژ بە شاری هەڵەبجە، کە بووە هۆی شەهیدبوونی پێنج هەزار کەس و برینداربوونی نزیکەی ١٠ هەزار کەسی دیکە، دواتر لە ساڵی ٢٠٠٣ لەلایەن ئەمریکا و وڵاتانی هاوپەیمانییەوە کۆتایی بە دەسەڵاتەکەی هێنرا و پاش دادگاییکردنی لە سێدارە درا.













گەلەری