سەردێڕ:

لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق ماوەی پێویست بۆ تێپەڕاندنی پڕۆژەیاسای بودجەی ئاشکرا کرد

PM:09:53:14/03/2023

11108 جار خوێندراوەتەوە

ئەندامێکی لیژنەی دارایی لە پەرلەمانی عێراق رایگەیاند، پێدەچێت هەفتەی داهاتوو پڕۆژە یاسای بودجە بگاتە پەرلەمان. دەشڵێت، "بۆ تێپەڕاندنی پڕۆژە یاساکە لە پەرلەماندا پێویستی بە ٣٠ بۆ ٤٥ رۆژ هەیە".


موعین کازمی ئەندامی لیژنەی دارایی لە پەرلەمانی عێراق بە تەلەفیزیۆنی ئیخبارییەی فەرمی حکومەتی عێراقی راگەیاند، پێدەچێت لە هەفتەی داهاتوودا پڕۆژە یاسای بودجەی گشتی بگاتە پەرلەمان.

ئاماژەی بەوەشدا، دوابەدوای گەیشتنی پۆرژە یاساکە، دەستبەجێ لە پەرلەمان دەست بە گفتوگۆکان لەبارەوە دەکرێت و تێپەڕاندنی پڕۆژە یاساکەش مانگێک بۆ مانگ و نیوێکی پێویستە.

ئەوەشی خستەڕوو، لیژنەی دارایی لەبارەی بودجەی کورتهێنانەوە گفتوگۆدەکەن کە بڕەکەی ٦٤ ترلیۆن دینارە.

موعین کازمی دەشڵێت، سازانێک لە نێوان لایەنە سیاسییەکان هەیە بۆ تێپەڕاندنی بودجە دوای ئەوەی چاو بە سەرجەم خاڵەکانیدا دەخشێنرێت بە ئامانجی جێبەجێکردنی بە گوێرەی کارنامەی حکومەتەکەی محەمەد شیاع سودانی.

ئەوەشی ئاشکرا کرد، یاسای کارگێڕی رێگەی بە حکومەت داوە پڕۆژە یاسای بودجەی سێ ساڵ بەسەر یەکەوە پێشکەش بکات بەمەرجێک بۆ ساڵی یەکەم پێویستییە و پرۆژە یاسای بودجەی ٢٠٢٤ و ٢٠٢٥یش دەکرێت هەمواربکرێتەوە بەگوێرەی پێشنیازی هەردوو وەزارەتی دارایی و پلاندانان.

لەبارەی دیاریکردنی نرخی بەرمیلێک نەوتەوە لە پڕۆژە یاسای بودجە، موعین کازمی ئەندامی لیژنەی دارایی لە پەرلەمانی عێراق وتی، دانانی نرخی یەک بەرمیل نەوتی خاو لە پڕۆژە یاسای بودجە بە ٧٠ دۆلار شتێکی دروست و واقیعییە، چونکە لەلایەن پسپۆڕانەوە دیاریکراوە و هیچ پێویستی بە نیگەرانی نییە، چونکە بە گوێرەی پێشبینییە جیهانییەکان لە ساڵی داهاتوودا یان لە ساڵێک زیاتر نرخی نەوت سەقامگیری بەخۆیەوە دەبینێت.

ئەمە لەکاتێکدایە، رۆژی ١٣ی ٣ی ٢٠٢٣ لەکۆبوونەوەی ئەنجومەنی وەزیرانی عێراقدا بەسەرۆکایەتی محەمەد شیاع سودانی، سەرۆکی حکومەتی عێراق پرۆژە یاسای بودجەی ساڵەکانی ٢٠٢٣ و ٢٠٢٤ و ٢٠٢٥ پەسەندکرا و پاشان دەنێردرێتە پەرلەمان بۆ بڕیاردان لەسەری.

بەپێی زانیارییەکانیش پشکی هەرێم لە بودجە ١٢.٦٧٪ـ ە.

کـ - کـ 













گەلەری