سەردێڕ:

سەرۆکی چین سەردانی روسیا دەکات

PM:04:59:14/03/2023

2616 جار خوێندراوەتەوە

چەند چاوگێکی ئاگادار رایانگەیاند، سەرۆکی چین بەنیازە هەفتەی داهاتوو سەردانی روسیا بکات و لەگەڵ سەرۆکی ئەو وڵاتە کۆبێتەوە.


ئاژانسی هەواڵی رۆیتەرز لە زاری چەند چاوگێکی ئاگادارەوە بڵاویکردەوە، چین شی جین پینگ سەرۆکی چین بە نیازە هەفتەی داهاتوو سەردانی روسیا بکات و لەگەڵ ڤلادیمیر پوتن سەرۆکی ئەو وڵاتە کۆبێتەوە.

پلانی سەردانەکەی شی چین پینگ بۆ روسیا لە کاتێکدایە کە پەکین پێشنیاری ئاشتی کردووە لە ئۆکرانیادا، پێشنیارەکەش لەلایەن رۆژئاواوە بە گومانەوە سەیر دەکرێت، ئەوەش بەهۆی پشتیوانییە دیبلۆماتییەکەی چینەوە بۆ روسیا.

مانگی ڕابردوو ڤلادیمیر پوتن سەرۆکی روسیا رایگەیاند، لەگەڵ چین رێککەوتوون لەسەر سەردانەکەی شی جین پینگ. هاوکات، دیمیتەی بیسکۆڤ وتەبێژی کۆشکی کریملن هیچ وردەکارییەکی لەسەر ئەگەری سەردانەکەدا ئاشکرا نەکردووە.

مانگی رابردوو رۆژنامەی وۆڵ ستریت جۆڕناڵ بڵاویکردەوە، سەردانەکەی شی جین پینگ بۆ مۆسکۆ رەنگە لە مانگی چوار یان لە سەرەتای مانگی پێنجدا بێت.

ئەمە لەکاتێکدایە، وەزارەتی دەرەوەی چین تاوەکو ئێستا لێدوانی لەسەر بابەتی ئەگەری سەردانەکەی سەرۆیک وڵاتەکەی بۆ روسیا نەداوە.

هاوکات، کاتێک لە بارەی هەواڵەکەی ئاژانسی هەواڵی رۆیتەرزەوە رۆژنامەنوسان پرسیاریان لە دیمیتری بیسکۆڤ وتەبێژی کۆشکی کریملن کرد لەبارەی وادە و ئەگەری سەردانی شی جین پینگ بۆ روسیا، لە وەڵامدا وتی، "هیچ شتێکی نیە بۆ وتن سەبارەت بەو بابەتە".

ئاماژەی بەوەشدا، وەکو یاسایەک، راگەیاندنی سەردانە فەڕمییە بیانییەکان بە هەماهەنگی دەبێت لەسەر رێککەوتنێکی هاوبەشی لایەنەکان.

وتیشی، " کاتێک ئەو ئامادەییە هەبوو ئەوا پێتان دەڵێین."

سەرچاوەکان کە نزیکن لە بابەتەکەوە ڕەتیان کردەوە ناوییان ئاشکرا بکرێت، ئەوەش بەهۆی هەستیاریی بابەتەکەوە.

مانگی رابردوو پوتن لە مۆسکۆ میوانداری دیبلۆماتکاری باڵای چین وانگ یی کرد. سەرچاوەیەک وتی گەشتەکەی وانگ بۆ مۆسکۆ بۆ ئامادەکاریکردن بووە بۆ سەردانەکەی شی جین پینگ.

لە مانگی شوباتی ساڵی ٢٠٢٢ دا لە ماوەی سەردانێکی ڤلادیمیر پوتین سەرۆکی روسیا بۆ پەکین، چین و روسیا هاوبەشییەکی "بێ سنوورییان " راگەیاند، ئەوەش چەند هەفتەیەک پێش هێرشەکانی روسیا بۆ سەر ئۆکرانیا. هەردوولا جەختییان لە پتەوی پەیوەندییەکانی نێوانیان کردەوە.

شی جین پینگ لەو کاتەوەی بووەتە سەرۆکی چین ٣٩ جار لەگەڵ ڤلادیمیر پوتین کۆبووەتەوە، دوایین جار لە مانگی نۆدا بوو لە ماوەی کۆبوونەوەیەکی وڵاتانی ناوەڕاستی ئاسیادا.



کـ - کـ












گەلەری