سەردێڕ:

عێراق ئاماری رووداوەکانی هاتوچۆی ساڵی رابردووی بڵاوکردەوە

PM:08:51:13/03/2023

864 جار خوێندراوەتەوە

وەزارەتی پلاندانانی عێراق رایگەیاند، لەماوەی ساڵی رابردوودا زیاتر لە ١١ هەزار رووداوی هاتووچۆ روویداوە.


عەبدوزەهرە هینداوی، وتەبێژی وەزارەتی پلاندانانی عێراق راگەیەنراوێکی بڵاوکردەوە و تیایدا هاتووە، لەماوەی ساڵی رابردوودا ژمارەی ئەو کەسانەی بەهۆی رووداوەکانی هاتوچۆوە گیانیان لەدەستداوە گەیشتووەتە ٦.٨٪ و ئەوانەشی برینداربوون بەڕێژەی ١٢.٩٪ زیادیکردووە.

ئاماژەی بەوەشکردووە، ئەوانەی بەهۆی رووداوی هاتوچۆوە گیانیان لەدەستداوە گەیشتووەتە سێ هەزار و ٢١ کەس و لەو ژمارەیەش دوو هەزار و ٤٧٤ کەسیان لە رەگەزی نێر بوون کە رێژەکەیان دەکاتە ٨١.٩٪ و ٥٤٧ کەسی دیکەشیان لە رەگەزی مێ بوون کە رێژەکەیان دەکاتە ١٨.١٪.

دەشڵێت، بەمەش کۆی گشتی ئەوانەی بەهۆی رووداوەکانی هاتوچۆوە گیانیان لەدەستداوە بەراورد بە ساڵی رابردوو بە رێژەی ٦.٨٪ زیادی کردووە.

عەبدوزەهرە هینداوی ئەوەشی خستووەتەڕوو، لە ساڵی ٢٠٢١دا بەهۆی رووداوەکانی هاتوچۆوە دوو هەزار و ٨٢٨ کەس گیانیان لەدەستداوە، بەڵام لەساڵی ٢٠٢٢دا بەهۆی رووداوەکانی هاتوچۆوە ١٢ هەزار و ٦٧٧ کەس برینداربوون.

دەشڵێت، بەراورد بە ساڵی ٢٠٢١ لە ساڵی ٢٠٢٢دا رێژەی ئەوانەی برینداربوون بەهۆی رووداوەکانی هاتوچۆوە ١٢.٩٪ زیادیکردووە، لەکاتێکدا لە ساڵی ٢٠٢١دا ١١ هەزار و ٢٣٠ کەس برینداربوون.

عەبدوزەهرە هینداوی ئاماژەی بەوەشداوە، رووداوەکانی پێکدادان شەش هەزار و ٤٩٣ رووداوبوون بەمەش بەڕێژەی ٥٦.٣٪ زیادی کردووە، لەکاتێکدا رووداوی لێدان سێ هەزار و ٧٢٤ رووداوبووە و بەڕێژەی ٣٢.٣٪ تۆمارکراوە. هاوکات، رووداوی وەرگەڕان هەزار و ٩٨ رووداو تۆمارکراوە بەڕێژەی ٩.٥٪، بەڵام رووداوەکانی دیکە گەیشتووەتە ٢٠٨ رووداو بەرێژەی ١.٨٪.

ئەوەشی خستووەتەڕوو، بەرزی هۆکاری رووداوەکان دەگەڕێتەوە بۆ پابەند نەبوونی شۆفێران بە رێنماییەکانەوە کە رێژەکەی بریتییە لە ٧٩.٢٪، بەڵام تۆمارکردنی رووداوەکان بەهۆی خراپی ئۆتۆمبێلەوە رێژەکەی بریتییە لە ٨.١٪ و ئەو رووداوانەی بەهۆکاری خراپی رێگاوبانەوە تۆمارکراون بەڕێژەی ٦.٢٪ بووە و تۆمارکردنی رووداوەکانی هاتوچۆ بەهۆکارەکانی دیکەوە رێژەکەی بریتییە لە ٦.٥٪.













گەلەری