وەزیری دەرەوەی سعودییە رایگەیاند، رێککەوتنی پەکین لە نێوان ئێران و سعودییەدا بەمانای کۆتاییهاتنی جیاوازی و کێشەکانی نێوانمان نییە.
رێککەوتنی پەکین بە هەماهەنگی چین لە هەینی رابردوودا لەنێوان ئێران و سعودییەدا بەمەبەستی کۆتایپێهێنانی ناکۆکییەکانیان واژۆکرا؛ ئەمیر فەیسەڵ بن فەرحان وەزیری دەرەوەی سعودییە جەخت لەوەدەکاتەوە رێککەوتنی نێوانیان بەمانای کۆتاییهاتنی سەرجەم گرفت و جیاوازییەکانی نێوانیان نایەت.
فەیسەڵ بن فەرحان باسی لەوەشکرد، رێککەوتنەکە لەپێناو گەڕانەوە بۆ پەیوەندییە
دیبلۆماسییەکانی نێوانیان کراوە و هەردوولا کۆکبوون لەسەر هەبوونی پەیوەندی هاوبەش
لەپێناو چارەسەرکردنی گرفتەکانی نێوانیان لەرێگەی گفتوگۆو دانوستانەوە.
ئاماژەی بەوەشکرد، بە پشبەستن بە رێککەوتنی نێوانیان بەم نزیکانە چاوی بەهاوتا
ئێرانییەکەی دەکەوێت و ئامادەکاری دەکەن بۆ دەستپێکردنەوەی پەیوەندییە دیبلۆماسییەکانی
نێوانیان لەماوەی دوومانگی داهاتوودا.
ئەوەشی خستەڕوو، سعودییە هەست بە پێگە و گرنگی رۆڵی خۆی و ئاستی بەرپرسیارێتی
دەکات لەڕووی ئاسایش و پاراستنی سەقامگیری هەرێمی و ناوچەییەوە. هاوکات، دوای رێککەوتنی
نێوانیان لەگەڵ ئێراندا راگەیەندراوێکی سێخاڵییان دەرکرد کە جەخت دەکاتەوە لەسەر
پاراستنی سەروەری هەروڵاتێک و دەستوەرنەدان لەکاروباری وڵاتان و بەردەوامیدان بە
گفتوگۆکانی نێوانیان لەپێناو چارەسەرکردنی کێشەکان و برەودان بە لایەنەکانی ئابوری
و بازرگانی و زانستی و رۆشنبیری وەرزش لەنێوانیاندا.