سەردێڕ:

وەزیری کۆچی عێراق: لە هەوڵداین بۆ گەڕاندنەوەی هاوڵاتییە عێراقییەکانی کەمپی هۆڵ

PM:11:44:12/03/2023

2672 جار خوێندراوەتەوە

وەزیری کۆچ و کۆچبەرانی عێراق رایگەیاند، ئامارێكی سەرژمێرییان بۆ ئاوارە عێراقییەکانی کەمپی هۆڵ کردووە، دەشڵێت، هەموو ئەو ئاوارانەی لەو کەمپەدان سەر بە داعش نین.


ئیڤان فایەق، وەزیری کۆچ و کۆچبەرانی عێراق، بە ئاژانسی هەواڵی عێراقی راگەیاندووە، گەڕاندنەوەی سەرجەم ئاوارەکانی کەمپی هۆڵ بۆ ناوچەکانی خۆیان بە سەلامەتی و کۆتایهێنان بە مەلەفی ئاوارە عێراقیەکان لە کەمی هۆڵ لە باکووری سووریا و گەڕاندنەوەیان، لە بەرنامەی حکومەتی عێراقدایە.

ئەوەشی خستووەتەڕوو، ژمارەی ئاوارە عێراقییەکان لە کەمپی هۆڵدا ٣١ هەزار کەسن، بەڵام سەرجەمیان سەر بە داعش نین.

"کەمپی هۆڵ" لە بیاباندایە و چوار کیلۆمەتر بە ئۆتۆمبێل دوورە لە ناوچەی مەلیکە لە نزیک شاری قامیشلۆی رۆژئاوای کوردستان.

لە رابردوودا نزیکەی "٦٠ هەزار" کەس لە ٥٠ وڵاتی جیهانەوە لە نێو کەمپی هۆڵدا هەبوون، لەو رێژەیەش ٣٠ هەزار عێراقی، ٢٠ هەزار سووری و نزیکەی ١٠ هەزار کەسی دیکەش لە هاوڵاتی وڵاتانی دیکەی جیهان پێکهاتبوون.

گرووپی چەکداری (دەوڵەتی ئیسلامی لە عێراق و شام) ناسراوە بە داعش، لەساڵی ٢٠١٣دا دامەزرا و لە ساڵی ٢٠١٤شدا دەستیگرت بەسەر زۆربەی خاکی عێراق و سوریا، دواتریش لەساڵی ٢٠١٧دا، هەریەکە لە سوپای عێراق و هێزەکانی پێشمەرگە بە هاوکاری هێزەکانی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی دژ بە داعش، کۆتاییهاتنی تەواوەتی ئەو گرووپەیان لە خاکی عێراقدا راگەیاند.

بەڵام، تائێستاش شانەی نوستووی ئەو گرووپە ماون و ناو بە ناویش، لە عێراق و بەتایبەتی لە ناوچە کێشەلەسەرەکانی نێوان هەرێم و عێراقدا کە بۆشایی ئەمنی تێدایە، هێرش و پەلاماری چەکداری بۆ سەر سوپای عێراق و هێزەکانی پێشمەرگە و هاوڵاتییانی ئەو ناوچانە ئەنجام دەدەن، یان دەیانفڕێنن و داوای پارە دەکەن لە بەرامبەر ئازادکردنیاندا.













گەلەری