سەردێڕ:

ژنێک کۆرپەکەی ناوسکی دەبێتە بەرد و گیان لەدەستدەدات

PM:08:35:11/03/2023

26936 جار خوێندراوەتەوە

پسپۆڕی پزیشکی هەناوی لە زانکۆی ویلایەتی نیۆرک رایگەیاند، ژنێکی ئەفریقی تەمەن ٥٠ ساڵ دوای ئەوەی کۆرپەکەی بۆ ماوەی نۆ ساڵ لە سکیدا ماوەتەوە و بووە بەبرد، لە نیۆرک گیانی لەدەستدا.


لە حاڵەتێکی دەگمەندا، ژنێکی ئەفریقی تەمەن ٥٠ ساڵ لە نیۆرک گیانی لەدەستدا، بەهۆی ئەوەی کۆرپەلە نۆ ساڵییەکەی لە منداڵدانیدا بووە بە بەرد.

ژنە ئەفریقییەکە، لە نیویۆرک سەردانی پزیشکی کردووە و باسی ئەوەی کردووە بە دەست گرژبوونی گەدە و هەرس نەکردنی خۆراک و دروستبوونی دەنگێک لە دوای خواردنەوە دەناڵێنێت.

دوای ئەنجامدانی پشکنین، دەرکەوتووە کۆرپەلەیەکی بەردبوو لە سکیدا هەیە، ئەمەش بۆ ماوەیەکی زۆر فشاری خستووەتە سەر ریخۆڵەکانی و نەیتوانیوە خۆراک بە باشی هەڵبمژێت، ئەمەش بووەتە هۆی کەم خواردن و دواتر توشی بەد خۆراکی توند بووە و بەهۆیەوە گیانی لە دەستداوە.

دیاردەکە، دەگمەنە بەشێوەیەک تەنها نزیکەی ٣٠٠ جار تۆمار کراوە. دیاردەکەش کاتێک روودەدات کە کۆرپەلەیەک لە دەرەوەی منداڵدان گەشە دەکات لەکاتی دووگیانیدا دەمرێت و لە جەستە دەرناکرێت.

ژنە ئەفریقییەکە، دوای ١٤ مانگ لە هاتنی بۆ ئەمەریکا گیانی لەدەست داوە و پزیشکەکانیش باس لەوە دەکەن کە لە ئەنجامی بەدخۆراکی توندەوە گیانی لەدەست داوە.

وەسیم سوس، پسپۆڕی پزیشکی هەناوی لە زانکۆی ویلایەتی نیۆرک لە قوتابخانەی پزیشکی ئاماژەی بەوەداوە، نەخۆشەکە لە ترسی نەشتەرگەری رێگەی نەداوە پزیشکەکان نەشتەرگەری بۆبکەن، هەربۆیە دوای دووبارە گیرانی ریخۆڵە بەهۆی بەدخۆراکی توندەوە گیانی لەدەستداوە.

ژنە ئەفریقییە تەمەن ٥٠ ساڵەکە، بەهۆی ململانێکانەوە لە کۆنگۆوە بۆ بوروندی و پاشان تانزانیا کۆچی کردووە، دواتر لە تانزانیا نیشتەجێ بووە و هەشت منداڵی بووە کە سەرجەمیان بە شێوەیەکی سروشتی لەدایک بوون.

لە کاتی دووگیانی نۆیەمیدا، دوای ئەوەی تێبینیکردووە کۆرپەکەی چیتر جوڵە ناکات، سەردانی نوسینگەی پزیشکی کردووە لە کەمپێکی پەنابەران.

پزیشکەکان پێیان راگەیاندووە، کۆرپەکە لێدانی دڵی نییە و پێشنیاریان بۆ کردووە، لە ماڵەوە هەوڵی لەباربردنی سروشتی بدات، ئەگەر ئەوەش سەرکەوتوو نەبوو پێویستە لە دوو هەفتەدا جارێکی دیکە بیبیننەوە، بەڵام سەردانی نەکردوونەتەوە.

کـ - کـ 













گەلەری