سەردێڕ:

ئەمریکا هەڵوێستی خۆی لەبارەی رێککەوتنی سعودیە و ئێرانەوە ئاشکرا کرد

PM:05:42:11/03/2023

3012 جار خوێندراوەتەوە

وتەبێژی کۆشکی سپی ئەمریکا رایگەیاند، ئەمریکا پاڵپشتی پرۆسەی رێککەوتنی سعودیە و ئێرانی کردووە وەک پەرەپێدانی کۆتاییهێنان بە شەڕی یەمەن. دەشڵێت، "سعودییەکان بەڕاستی ئاگاداریان کردینەوە لەم گفتوگۆیانەدا کە ئەنجامیان دەدا، بەڵام ئێمە راستەوخۆ بەشدار نەبووین".


جۆن کیربی وتەبێژی کۆشکی سپی ئەمریکا ئاماژەی بەوەشدا، سعودیە واشنتۆنی لە دانوستانەکانی لەگەڵ ئێران بۆ گەڕاندنەوەی پەیوەندییە دیپلۆماسییەکان ئاگادارکردەوە، بەڵام ئەمریکا راستەوخۆ دەستی تێدا نەبوو.

وتیشی، ئەمریکا پاڵپشتی ئەو پرۆسەیەی کردووە وەک پەرەپێدانی کۆتاییهێنان بە شەڕی یەمەن، کە بە دەستدرێژی ئێران وەسفی کرد.

وتەبێژی کۆشکی سپی ئەمریکا باسی لەوەشکرد، کۆشکی سپی پێی وایە گوشارە ناوخۆیی و دەرەکییەکان، لەوانەش خۆپاراستنی کاریگەرانەی سعودیە لە بەرامبەر هێرشەکانی ئێران یان بریکارەکانی، دواجار ئێرانی هێنایە سەر مێزەکە.

دەشڵێت، "ئێمە پشتگیری لە هەر هەوڵێک دەکەین بۆ کەمکردنەوەی گرژییەکان لەوێ و ناوچەکە. پێمانوایە ئەوە لە بەرژەوەندی ئێمەدایە، ئەوە شتێکە کە ئێمە لەڕێگەی تێکەڵەیەکی کاریگەرانەی خۆمانەوە لە رێگریکردن و دیپلۆماسی کارمان لەسەر کردووە".

سەبارەت بە ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکانی سعودیە لەگەڵ ئیسرائیل، وتی "روون نییە کە ئەم رێکخستنە کاریگەری لەسەر ئەوە هەیە یان بۆ مامەڵەکردن لەگەڵ ئەوە داڕێژراوە، بەڵام دیارە ئێمە بەردەوامین لە پشتگیریکردنی ئاساییکردنەوە".

ئەمە لەکاتێکدایە، دوێنێ هەینی عەلی شەمخانی سکرتێری ئەنجومەنی باڵای ئاسایشی نیشتمانی ئێران و موسەید بن محەمەد ئەلعەیبان وەزیری دەرەوەی سعودیە و فانگ یی ئەندامی مەکتەبی سیاسی کۆمیتەی ناوەندی حزبی شیوعی چین لە پەکینەوە راگەیاندراوێکی هاوبەشیان لەبارەی رێککەوتنی سعودیە و ئێران بڵاوکردەوە.

بەپێی راگەیندراوەکە، ئەو دەستپێشخەرییە لەسەر داوای شی جین پینگ سەرۆکی چین بووە و پاڵپشتی لێکنزیکبوونەوەی ئەو دوو وڵاتە و خواستی هەردوو وڵاتی لەسەر چارەسەرکردنی کێشە و ناکۆکییەکان کردووە.

ئەمەش دوای ئەوەدێت سعودیه‌ لە ٢ـی كانوونی دووه‌می ٢٠١٦ به‌تۆمه‌تی تیرۆر ٤٧ كه‌سی له‌سێداره‌دا كه‌ زانای ئایینی شیعه ‌مه‌زهه‌بیان لە نێودا بوو و دوای ئه‌وه‌ش به‌رپرسانی ئێران به‌ دوای یه‌كدا كاردانه‌وه‌یان به‌رامبه‌ر سعودیه‌ ده‌ربڕی، دواتر ئاگر به‌ردرایه‌ باڵیۆزخانه‌ی سعوودیه‌ له‌ تاران و كۆنسوڵخانه‌ی سعوودیه‌ له‌ مه‌شهه‌د.

ئەو دوو وڵاتە لە ماوەی رابردووشدا چەندان جار لە عێراق کۆبوونەوە بە مەبەستی رێککەوتن و ئاماژەیان بەوەدا نزیک بوونەتەوە لە رێککەوتن.


کـ - ئـ 












گەلەری