سەردێڕ:

تورکیا: بەهۆی بومەلەرزەکەوە زیاتر لە ٨٢٠ هەزار باڵەخانە رووخاون

AM:08:57:11/03/2023

3672 جار خوێندراوەتەوە

وەزیری ژینگەی تورکیا رایگەیاند، بەگوێرەی دوایین ئامارەکان زیاتر لە ٨٢٠ هەزار باڵەخانە بەهۆی بومەلەرزەکەی ٦ی شوباتەوە رووخاون.


موراد کوروم وەزیری ژینگەی تورکیا رایگەیاند، لەکۆی گشتی ١١ پارێزگا کە بەهۆی بوومەلەرزەکەوە زیانیان بەرکەوتووە ئامارەکانی پێنج پارێزگایان وەرگیراون و لەکۆی ملیۆنێک و ٧٠٦ هەزار بینا ٨٢١ هەزار و ٣٠٢ بینا رووخاون یاخود لە لێواری رووخان و لەناوچوونی تەواودان.

ئەوەش لەکاتێکدایە، لەماوەی رابردوودا موراد کوروم ئاماژەی بەوەکرد ژمارەی گیانلەدەستدان بەهۆی بومەلەرزە وێرانکەرەکەوە بۆ ٤٨ هەزار کەس بەرزبووەتەوە.

لەبەرەبەیانی ٦ی شوباتی رابردوودا بومەلەرزەیەکی بەهێز بەگوڕی ٧.٧ پلە بەپیی پێوەری رێختەر باشوری تورکیا و باکوری سوریای هەژاند و لە چەند وڵاتێکی دیکەی ناوچەکە هەست بە بومەلەرزەکە کرا لەوانەش عێراق و لوبنان و میسر.

دواتر لویزا فینتۆن، نوێنەری هەمیشەیی بەرنامەی گەشەپێدانی نەتەوە یەکگرتووەکان لە تورکیا رایگەیاند، قەبارەی زیانەکانی بومەلەرزەکەی تورکیا ١٠٠ ملیار دۆلاری تێپەڕاندووە.
هـ.حـ













گەلەری