سەردێڕ:

لەبارەی کڕینی هۆتێل راماداوە دادگا بڕیاری سزادانی بۆ بەرپرسێک و چەند کارمەندێکی وەقفی سونی دەرکرد

AM:12:02:10/03/2023

5904 جار خوێندراوەتەوە

دەستەی دەستپاکی عێراق رایگەیاند، دادگا سزای زیندانی بەسەر بەرپرسێک و سێ کارمەندی وەقفی سونی دا سەپاند لە سەر دۆسییەی کڕینی هۆتێل رامادا لە شاری سلێمانی.


فەرمانگەی لێکۆڵینەوەکانی دەستەی دەستپاکی راگەیەنراوێکی بڵاوکردەوە و تیایدا هاتووە، دادگای تاوانەکان سزای چوار ساڵ زیندانی بەسەر یاریدەدەری بەڕێوەبەری گشتی دەسەڵاتی بەڕێوەبردن و وەبەرهێنانی سندوقی ئەوقافی سوننەی دەرکرد ئەوەش بە هۆی فشارکردن لەسەر کارمەندەکانی فەرمانگەکە بۆ کڕینی هۆتێل رامادا لە هەرێمی کوردستان لە شاری سلێمانی.

لە بڵاوکراوەکەدا هاتووە، سزای زیندانیکردنی ساڵێکیش بەسەر ئەو سێ کارمەندەی دیکەدا سەپێندراوە بەهۆی بەڕێکردنی کاروو واژوو کردن لەسەر بەڵگەنامەکان بە پێچەوانەی بە پێچەوانەی رێنماییەکانی دیوانی چاودێری دارایی فیدراڵی بۆ کڕینی ئەو هۆتێلە و دوای لێکۆڵینەوە دەرکەوتووە ئەو کەسانە هیچ توانایەکی داراییان نییە بۆ دابینکردنی ئەو پارەیە.

دادگاش دوای دەستکەوتنی بەڵگەی پێویست و پێداچوونەوەی بە دۆسییەکەدا بڕیاری بە زیندانیکردنی تاوانباران دا، لەگەڵ پێدانی مافی داواکردنی قەرەبوو بە لایەنی زیانلێکەوتوو.

لەماوەی رابردوودا، دەستەی دەستپاکی عێراق فەرمانی دەستگیرکردنی بۆ هەریەک لە سەرۆکی دیوانی وەقفی سوننی و یاریدەدەری بەڕێوەبەری گشتی فەرمانگەی یاسایی وەقفی سوننی دەرکرد بەتۆمەتی گەندەڵی و بەکارهێنانی سامانی گشتی لە کڕینی ئۆتێل رامادا لە شاری سلێمانی بە بەهای ٤٧ ملیار دینار.




ک - ک












گەلەری