سەردێڕ:

تورکیا: هەوڵەکان بەردەوامن بۆ درێژکردنەوەی ماوەی رێڕەوی دانەوێڵە

PM:05:30:09/03/2023

3036 جار خوێندراوەتەوە

وەزیری بەرگریی تورکیا رایگەیاند، هەوڵەکان بەردەوامن بۆ درێژکردنەوەی ماوەی "رێڕەوی دانەوێڵە" بۆ نەهێشتنی مەترسییەکانی قەیرانی خۆراک لە جیهاندا کە بەهۆی جەنگی روسیا و ئۆکرانیاوە کرایەوە و لە ١٨ی ئەم مانگەدا ماوەکەی تەواو دەبێت.


خلوسی ئاکار وەزیری بەرگریی تورکیا راگەیەنراوێکی بڵاوکردەوە و تیایدا هاتووە، تا ئێستا نزیکەی ٢٣.٥ ملیۆن تەن دانەوێڵە لە رێگەی ٧٩٠ کەشتییەوە لە "رێڕەوی دانەوێڵەوە" بۆ بازاڕەکانی جیهان گواستراوەتەوە.

ئاماژەی بەوەشدا، ماوەی رێککەوتننامەکە لە ١٨ی ئەم مانگەدا کۆتایی دێت.

دەشڵێت، "بەردەوامین لە دانوستانەکانمان لەگەڵ نەتەوە یەکگرتووەکان، ئۆکرانیا و روسیا کە لایەنی دەستپێشخەری دانەوێڵەن. ئۆکرانیا بۆچوونی ئەرێنی خۆی بەرامبەر بە درێژکردنەوەی ماوەی رێککەوتننامەکە دەربڕیوە، هەروەها رووسیا هەڵوێستێکی ئەرێنی هەیە".

ئەمە لەکاتێکدایە، لە مانگی تەمووزی ساڵی ٢٠٢٢ بە ناوەندگیر تورکیا و بەسەرپەرشتی رێکخراوی نەتەوەیەکگرتووەکان دوو رێککەوتنی جیاواز لەگەڵ روسیا و ئۆکرانیا بە ئامانجی کردنەوەی "رێڕەوی دانەوێڵە" و رەوانەکردنی دانەوێڵە بۆ بازاڕەکانی جیهان بە ئامانجی رێگری کردن لە سەرهەڵدانی قەیرانی خۆراک لە جیهاندا واژووکران.

لە ١ی ئابی ٢٠٢٢ یەکەم کەشتی کە بڕی ٢٦ هەزار تەن گەنمەشامی بارکردبوو لە چوارچێوەی رێککەوتننامەکەدا لە ئۆکرانیاوە بەرەو بازاڕەکانی جیهان بەڕێکەوت.

لەماوەی رابردووشدا، دوو رۆژ بەرلە کۆتاییهاتنی ماوەی رێککەوتننامەکە، رەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆک کۆماری تورکیا راگەیاند کە "بڕیار درا رێککەوتننامەکە بۆ ماوەی ١٢٠ رۆژ درێژبکرێتەوە".

ئەو ماوەیەی کە باسی لێوە دەکرێت لە ١٨ی ئادار کۆتایی دێت. ئەوەش زانراوە کە دانوستانەکان بەردەوامن بۆ ئەوەی "رێڕەوی دانەوێڵە" بە کراوەیی بمێنێتەوە.

لە ٤٠٪ی دانەوێڵە کە بە رێڕەوەکەدا بۆ ئەوروپا تێدەپەڕێت و ٣٠٪ بۆ ئاسیا و ١٣٪ی بۆ تورکیا و ١٢٪ی بۆ ئەفریقا و ٥٪ی بۆ رۆژهەڵاتی ناوەڕاست رەوانە دەکرێت.

کـ - ئـ 













گەلەری