بێچووە چیتایەکی ئاسیایی دەگمەن کە لە باخچەیەکی ئاژەڵان لە دایکببوو بەهۆی نەخۆشی گورچیلەوە لە نەخۆشخانەیەکی ڤێرتێنەری ئێران مرد. لە لایەن هاوڵاتیانی ئێرانەوە وەک هێمای خۆپیشاندان و ناڕەزایی سەیر دەکرا.
ئاژانسی هەواڵی تەنسیمی ئێرانی بڵاویکردەوە، بەچکە چیتاکە ناوی "بیرۆز"ە و لە مانگی ئایاری ساڵی رابردوو لە باخچەیەکی ئاژەڵان لە باکوری رۆژهەڵاتی ئێران لە دایکبوو، ئەمڕۆش لە تەمەنی ١٠ مانگیدا مرد.
بیرۆز لە لایەن هاوڵاتییانی
ئێرانەوە وەک هێمای خۆپیشاندان و ناڕەزایی سەیر دەکرا بەو پێیەی لە کاتی دەستپێکی
خۆپیشاندانەکانی هاوڵاتیانی ئەو وڵاتە لە دژی سیستەمی حوکمڕانی هەڵگیرسا لە دایکبوو.
بە مردنی "بیرۆز"
زۆرێک لە هاوڵاتییانی ئێرانی دڵتەنگبوون، چونکە وەک هیوا بەخشێک بە بەردەوامی خۆپیشاندان
و ناڕەزایەتییەکان سەیر دەکرا.
بەرپرسانی ئێرانی دەڵێن، لە
دوای مردنی بیرۆز تەنها ١٢ چیتا لە ناوخۆی وڵاتەکەدا ماونەتەوە و هەڕەشەیەکی توندی
لەناوچونیان لەسەرە.
چیتای ئاسیایی وەک هێمای
شانازی نیشتیمانی لە ئێران لێی دەڕوانرێت و لە ناوی ئەو جۆرە ئاژەڵە لە زۆربەی هۆنراوە
فارسییەکاندا بەدی دەکرێت. هاوکات، وێنەی چیتا بە درێسی هەڵبژاردەی تۆپی پێی ئێرانەوە
هەیە.
چیتا خێراترین ئاژەڵی
وشکانییەوە لە جیهاندا و خێراییەکەی دەگاتە ١٢٠ کیلۆمەتر لە کاتژمیرێکدا، لە ئێستادا
بە شێوەیەکی زیاتر لە باشوری ئەفریقا بەدی دەکرێن و لە ناوچەکانی ئاسیادا کەمتر بەرچاو
دەکەون.