سەردێڕ:

بەهۆی گەندەڵییەوە؛ ئەمریکا کۆمپانیایەک لە عێراق بە زیاتر لە ٢٠٠ ملیۆن دۆلار سزا دەدات

PM:06:56:03/03/2023

3640 جار خوێندراوەتەوە

کۆمپانیایی ئیریکسۆنی سویدی تایبەت بە پەیوەندییەکان رایگەیاند، بەهۆی دۆسیەیی گەندەڵییەوە لە عێراق دەسەڵاتی دادوەری ئەمریکا سزای ٢٠٦ ملیۆن دۆلاری داوە.


بەپێی راگەیەندراوی کۆمپانیاکە، دەبێت بڕی ٢٠٦ ملیۆن و ٧٢٨ هەزار ٨٤٨ دۆلار وەک سزای دارایی بدەنە دەسەڵاتی دادوەری ئەمریکا و وەزارەتی دادی ئەمریکاش دەڵێت، کۆمپانیاکە لە ساڵی ٢٠١٩ـوە هیچ راپۆرتێکی چالاکی خۆی ئاشکرا نەکردووە بۆ لێکۆڵینەوە لە وڵاتانی چین و جیبوتی و ڤێتنام.

دەسەڵاتی دادوەری ئەمریکا باسی لەوەشکرد، کۆمپانیایی ئیریکسۆن پێشێلی رێکەوتنامەی "هاوکاری و ئاشکراکردن"ـی کردووە و ساڵی ٢٠١٩ کۆمپانیاکە ملیارێک دۆلاری بە دەسەڵاتی دادوەری ئەمریکا داوە تاوەکو رێبکەوێت بۆ وەستاندی لێکۆڵینەوە لە دۆسیەی گەندەڵی کۆمپانیاکە لە عێراق و جیبوتی و چین و ڤێتنام و ئەندەنوسیا و کوێت.

هاوکات وەزارەتی داد رەزامەندی داوە دادگایکردنی کۆمپانیاکە بۆ سێ ساڵی داهاتوو دوابخات بەو مەرجەی ئەو سزا داراییە بدات و پابەند بێت بە "کۆنترۆلکردنی ناوخۆیی" یاساکانی ئەمریکا و هاوکار بێت لە ئەنجامدانی لێکۆڵینەوە.

کۆمپانیایی ئیرکسۆن پێشتر و لە ساڵی ٢٠١٩ بڕی ٥٢٠ ملیۆن دۆلاری دیکە سزای دارایی داوەتە دەسەڵاتی دادوەری ئەمریکا و دەبێت تا ساڵی ٢٠٢٤ لە ژێر چاودێری دابێت.













گەلەری