سەردێڕ:

لەسەرەتای جەنگی ئۆکرانیاوە، بۆ یەکەمجار وەزیرانی دەرەوەی ئەمریکا و روسیا کۆبوونەوە

PM:09:00:02/03/2023

4132 جار خوێندراوەتەوە

لە پەراوێزی لوتکەی وەزیرانی کۆمەڵەی ٢٠ لە هیندستان، بۆ یەکەمجار لە دوای سەرهەڵدانی جەنگی ئۆکرانیاوە، وەزیرانی دەرەوەی ئەمریکا و روسیا کۆبوونەوە و باسیان لە خاڵە ناکۆکییەکانی نێوان هەردوولا کرد.


رۆژنامەی نیۆرک تایمزی ئەمریکی بڵاویکردەوە، ئەنتۆنیۆ بلینکن وەزیری دەرەوەی ئەمریکا و سێرگی لاڤرۆڤی هاوتا روسییەکەی لە پەراوێزی لوتکەی وەزیرانی کۆمەڵەی ٢٠ لە شاری نیودلهی لە هیندستان کۆبوونەوە.

رۆژنامەکە ئاماژەی بەوەشداوە، چاوپێکەوتنی هەردوو وەزیری دەرەوەی ئەمریکا و روسیا چاوەڕوانکراو نەبووە و لە گەرمەی ناکۆکی پەیوەندییەکانی هەردوو وڵاتی زلهێز بووە.

لە لوتکەی وەزیرەکان، نوێنەرانی روسیا وڵاتانی رۆژئاوایان بە رەشبگیری و تۆقێنەر تۆمەتبار کرد.

لە بەرامبەردا، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا سێ خاڵی گرنگی بۆ نوێنەرانی روسیا خستووەتەڕوو کە بریتی بوون لە:

یەکەم- هەرچیەک رووبدات ئەمریکا بەردەوام دەبێت لە هاوکاریکردن و پشتیوانی سەربازی بۆ ئۆکرانیا.

دووەم- گرنگە روسیا بگەرێتەوە بۆ دووبارە واژووکردنەوەی پەیماننامەی ستارت سێی پەیوەست بە سنووردارکردنی چەکی ئەتۆمی کە پێشتر بە بڕیاری سەرۆکایەتی روسیا لە دوای بەسەرچوونی وادەی پەیماننامەکە واژوو نەکرایەوە.

سێیەم- کاربەدەستانی روسیا دەبێت "پۆل ویلان"ی هاونیشتیمانی ئەمریکی کە لە زیندانەکانی روسیا دەستبەسەرکراوە ئازاد بکەن.

لەبەرامبەردا، سێرگی لاڤرۆڤ وەزیری دەرەوەی روسیا هەڵوێستی وڵاتەکەی دەربڕییوە و ئاماژەی بەوەداوە، داوکاری چاوپێکەوتنەکە لەلایەن ئەمریکاوە کرابوو، ئەمەش دەریدەخات کە ئەمریکا هۆشدارە لە هێشتنەوەی پەیوەندیەکانی لەگەڵ ئەمریکا سەرەڕای ئەو ناکۆکییە توندەی لە بارەی ئۆکرانیسوە لە نێوان ئەو دوو وڵاتە دروستبووە.

ئەمە لەکاتێکدایە، لەدوای سەرهەڵدانی جەنگی روسیا و ئۆکرانیا بەفەرمانی ڤلادیمیر پوتین سەرۆکی روسیا، ئەمریکا و یەکێتی ئەوروپا و هاوپەیمانەکانیان زنجیرەیەک سزای دارایی و ئابوری و بازرگانیان بەسەر روسیادا سەپاند و هاوکاری مادی و سەربازی و مەشقی سەربازیی ئۆکرانیایان کرد. بەمەش پەیوەندی نێوان ئەمریکا و روسیا گرژی تێکەوتوو و لەو کاتەوە وەزیرانی دەرەوەی ئەو دوو وڵاتە دیدارکۆبوونەوەیان نەبووە.













گەلەری