سەردێڕ:

فەڕەنسا: لە میوانداریکردنی پەنابەرە ئۆکرانییەکان ٦٣٠ ملیۆن یۆرۆمان خەرجکردووە

PM:05:06:28/02/2023

2164 جار خوێندراوەتەوە

دەستەی باڵای وردبینی فەڕەنسا رایگەیاند، ساڵی رابردوو زیاتر لە ٦٣٠ ملیۆن یۆرۆ لە میوانداریکردنی نزیکەی ١١٥ هەزار پەنابەری ئۆکرانیدا خەرجکردووە کە بەهۆی جەنگی نێوان ئۆکرانیا و روسیا هەڵاتوون.


دەستەی وردبینی باڵای فەڕەنسا "کۆر دی کۆمپتیس" لە نوێترین راپۆرتیدا ئاماژەی بەوەداوە، پەنابەرە ئۆکرانییەکان بەپێی بەرنامەی "پاراستنی تایبەتی" لە ساڵی ٢٠٢٢ دا لە هەلومەرجێکی باشدا داندراون.

بەگوێرەی بەرنامەکە، پەنابەرە ئۆکرانییەکان دەستیان دەگات بەو مافانەی کە پێشتر نەدراون بە پەنابەرانی دیکە، وەک، توانای کارکردن لە وڵاتەکەدا و دەستڕاگەیشتنیان بە خزمەتگوزارییە تەندروستییەکان و رەوانەکردنی منداڵانیان بۆ قوتابخانەکان و خزمەتگوزارییە بەپەلەکانی دیکە.

بەگوێرەی راپۆرتەکە، خەرجی بەرنامەکە گەیشتووەتە ٦٣٤ ملیۆن یۆرۆ، زۆربەی ئەو پارەیە بۆ نیشتەجێکردنی پەنابەران خەرجکراوە، بەشێوەیەک ٢٥٠ ملیۆن یۆرۆ بۆ نیشتەجێکردن و ٢٢٠ ملیۆن یۆرۆش دراوە بە پەنابەرەکان.

ئاماژەی بەوەشداوە، پاریس بۆ هەر پەنابەرێکی ئۆکرانی دوو هێندەی پەنابەرە ئاساییەکانی دیکە پارەی خەرج کردووە، بە شێوەیەک بۆ نیشتەجێکردنی ئۆکرانییەکان رۆژانە بۆ یەک کەس ٣٨ یۆرۆی دەوێت، پەنابەرانی دیکە کەمتر لە ١٨ یۆرۆیان دەوێت و دەخرێنە دامەزراوەکانی پەنابەرانەوە کە پێشتر هەبوون.

لە بەشێکی دیکەی راپۆرتەکەدا، بەرپرسانی وردبینی داوایان لە حکومەت کردووە بەردەوامبن لە پشتیوانیکردنی ئەو هاوڵاتییە ئاساییانەی کە پەنابەرانییان لە ماڵەکانی خۆیاندا وەرگرتووە.

ئەمە لەکاتێکدایە، هەفتەی رابردوو وەزارەتی نیشتەجێبوونی فەڕەنسا بە ئاژانسی هەواڵی فرانس پرێسی وت، لە ئێستادا پاریس مانگانە نزیکەی ٨٠٠ هەزار یۆرۆ خەرج دەکات بۆ پشتیوانیکردن لە ٩٠٠ ماڵ کە خۆبەخشانە میوانداری پەنابەرە ئۆکرانییەکانیان کردووە.

دەشڵێت، هیچ گرەنتییەک نیە لەسەر ئەوەی ئەو پشتیوانییە لە داهاتوودا بەردەوام دەبێت یاخود نا.













گەلەری