وتەبێژی بازاڕی دراو لە سلێمانی بە دیجیتاڵ میدیای ئێن ئاڕ تی راگەیاند، بەهۆی بەرزی خواستی بازرگانی و نەشارەزایی بازرگانان لە بەکارهێنانی ئەو پلاتفۆڕمەی بانکی ناوەندی کردوویەتییەوە بۆ ئاڵوگۆڕی دراو و بوونی خواستی دەرەکی لەسەر دۆلار، هۆکارن بۆ بەرز مانەوەی نرخی دۆلار لە بازاڕەکاندا.
جەبار گۆران وتەبێژی بازاڕی دراو لە سلێمانی وتیشی، بەهۆی ئەوەی بەنزیکەی ٨٠ -٨٥٪ خواستی بازرگانی بەرزە، رێگا نادات نرخی دۆلار لە بازاڕەکاندا دابەزێت.
ئاماژەی بەوەشدا، بازرگانەکانی عێراق و هەرێم بەهۆی ئەوەی کاڵا و شمەک لە دەرەوەی
وڵات هاوردە دەکەن و عێراقیش وڵاتێکی بەرکاربەرە نەک بەرهەمهێن، ئەمەش وایکردووە بڕێکی
زۆر دۆلار بە ئامانجی حەواڵەکردن و ئاڵوگۆڕی بازرگانی رەوانەی دەرەوەی وڵات بکرێت.
وتیشی، بەشێکی زۆری بازرگانەکانی عێراق و هەرێم بەهۆی ئەوەی تا ئێستا بەشێوازی
کۆن و بەسەرچوو دۆلار لە رێگەی نوسینگەکانی حەواڵەکردنی دراوەوە رەوانەی دەرەوەی وڵات
دەکەن، ئەمەش هۆکارێکە بۆ هێشتنەوەی بەرزی نرخی دۆلار. هەرکاتێک بازرگانەکان لەگەڵ
ئەو پلاتفۆڕمەی بانکی ناوەندی عێراق کردوویەتییەوە بۆ حەواڵەکردنی دۆلار بۆ دەرەوەی
وڵات راهاتن و شارەزایی پێویستییان لەسەر پەیداکرد، ئەوا ئاڵوگۆڕکردن و رەوانەکردنی
کردنی دۆلار بۆ دەرەوەی وڵات ئاسایی دەبێتەوە و ئەمەش کاریگەری لەسەر دابەزینی بەهای
دۆلار دەبێت.
جەبار گۆران ئەوەشی خستەڕوو، یەکێکی دیکە لە هۆکارەکان بەردەستنەبوونی تەواوی
ئاسنکارییەکانە لەلایەن بانکی ناوەندی و ئەو بانکانەی لە رێگەی پلاتفۆڕمە نوێیەکەوە
دۆلار ئاڵوگۆڕ پێدەکەن. هەرکاتێک ئاسناکارییەکان بەردەستبوون، بارزگانەکان دەتوانن
ئاسانتر بەگوێرەی لیستی ئەو کەلوپەل و شمەکانەی کڕیویانە داوا لە بانکی ناوەندی بکەن
دۆلارەکانیان رەوانەی دەرەوەی عێراق بکەن.
دەشڵێت، بەردەستبوونی ئاسانکارییەکان و گرتنەبەری رێکارەکان و شارەزابوونی بازرگانان لە چۆنییەتی مەماڵەکردن بە پلاتفۆڕمەکە کاتی پێویستە.
ئەوەشی ئاشکرا کرد، بەگوێرەی داتاکانی بەڕێوەبەرایەتی گومرگی ئێران، قەبارەی
ئاڵوگۆڕی بازرگانی نێوان عێراق و ئێران لە ساڵی ٢٠٢٢ نۆ ملیار و ٢٢٠ ملیۆن دۆلار
بووە، هەموو ئەم بازرگانییەش بە دۆلار ئەنجامدراوە ئەمەش کاریگەری هەبووە لەسەر بەرز
هێشتنەوەی نرخی دۆلار لە بازاڕە ناوخۆییەکاندا، چونکە ئەو بڕە دۆلار رەوانەی دەرەوەی وڵاتکراوە و خواست لەسەری زیادبووە.
لەبارەی بڕیارەکەی دەستەی وەبەرهێنانی عێراقەوە بۆ دانەوەی قستی خانوبەرەی
هاوڵاتییان بە دینار و بەنرخی ١٣٢ هەزار دیناریش بۆ هەر ١٠٠ دۆلارێک، وتەبێژی
بازاری دراوی سلێمانی وتی، ئەمە هەنگاوێکی باشە و بەجێبەجێکردنیشی کاریگەری لەسەر
بەهای دۆلار دەبێت.
هاوکات، لەبارەی سپیکردنەوەی پارە و بردنە دەرەوەی دۆلار بەشێوەی نایاسایی،
جەبار گۆران وتی، لە سیستمی ئابوری جیهاندا هەر مامەڵەیەک لەرێگەی بانک و دامەزراوە
داراییەکانەوە ئەنجامبدرێت بە یاسایی دادەنرێت و هەر جۆرە مامەڵەیەکەیش لەدەرەوەی
بانکەکان بە قاچاخبردنی پارە هەژمار دەکرێت.
ئەمە لەکاتێکدایە، لەماوەی رابردوودا، بەهۆی گرتنەبەری چەند رێکارێک لەلایەن
وەزارەتی گەنجینەی ئەمریکا و کردنەوەی پلاتفۆڕمێکی نوێ لەلایەن بانکی ناوەندی عێراقەوە
بۆ رەوانەکردنی دۆلار بۆ دەرەوەی وڵات، نرخی ١٠٠ دۆلار بۆ زیاتر لە ١٧٥ هەزار دینار
بەرزبووەوە. بەئامانجی سەقامگیرکردنی نرخی دۆلار بانکی ناوەندی عێراق چەند رێکارێکی گرتەبەر وەک فرۆشتنی دۆلار بە ١٣٠ هەزار دینار
بە بانکەکان و فرۆشتنی ١٠٠ دۆلار بە ١٣٢ هەزار دینار لە فڕۆکەخان نێودەوڵەتییەکان
و ئاسانکاری بۆ ئەو بازرگانانەی کاڵا لە چینەوە هاوردە دەکەن بۆ مامەڵەکردن بە یەنی
چینی، بەڵام هێشتا نرخی دۆلار لە بازاڕەکانی عێراق و هەرێم بە بەرزی ماوەتەوە بەشێوەیەک
نرخی ١٠٠ دۆلار بەزیاتر لە ١٥٣ هەزار دینار
مامەڵەی پێوەدەکرێت.