سەردێڕ:

سەرۆکی ئەمریکا: پێم وانییە روسیا چەکی ئەتۆمی بەکاربهێنێت

PM:05:44:24/02/2023

2668 جار خوێندراوەتەوە

سەرۆکی ئەمریکا رایگەیاند، روسیا لە هەڵپەساردنی پەیماننامەی نوێی کەمکردنەوەی چەکی ستراتیجی "ستارت"ی هه‌ڵنه‌په‌ساردووه‌ بۆ ئه‌وه‌ی بیر لە بەکارهێنانی چەکی ئەتۆمی بكاته‌وه‌.


جۆ بایدن سەرۆکی ئەمریکا لە چاوپێكه‌وتنێكدا له‌گه‌ڵ کەناڵی ئه‌ی بی سی نیوز، سەبارەت بە بڕیاری روسیا له‌باره‌ی هەڵپەساردنی پەیماننامەی نوێی کەمکردنەوەی چەکی ستراتیژییەوە ئاماژەی بەوەدا، ئەم بڕیارە "هەڵەیەکی گەورەیە" و هەڵسوکەوتێکی نابەرپرسیارانەیه.

وتیشی، "لەمەدا ئەوە بەدی ناکەم کە ڤلادیمیر پوتین سەرۆکی روسیا بیر لە بەکارهێنانی چەکی ئەتۆمی یان شتێکی هاوشێوە بكاته‌وه‌".

سەرۆکی ئەمریکا ئەوەشی خستەڕوو، دڵنیایە ئەو کێشەیە چارەسەردەکرێت و رێککەوتنی کۆنترۆڵکردنی چەک بۆ بەرژەوەندی هەردوولا و جیهان دەکرێت.

جۆ بایدن باسی لەوەشکرد، هیچ ئاماژەیەک نییە کە گۆڕانکاری لە هەڵوێستی روسیادا لەو بابەتەدا ببێت.

دەشڵێت، هیچ بەڵگەیەک نییە کە پشتگیری لەو بیرۆکەیە بکات کە ئەمە بەو مانایە دێت بیر لە بەکارهێنانی چەکی نوێی ئەتۆمی و مووشەکی بالیستیی کیشوەربڕی نێودەوڵەتی، بکەنەوە.

ئەمە لەکاتێکدایە، لە رۆژی ١٢ی ٢ی ٢٠٢٣ ڤلادیمیر پوتین سەرۆکی روسیا رایگەیاند، بەهۆی جەنگی ئۆکرانیا و ئاڵۆزبوونی پەیوەندییەکانی نێوان ئەمریکا و روسیا، مۆسکۆ بەشداریکردنی خۆی لە پەیماننامەی نوێی ستارت راگرت، کە دوا رێککەوتنە لەگەڵ ئەمریکا بۆ کۆنتڕۆڵکردنی چەکی ئەتۆمی.

رێکەوتننامەی "نوێی ستارت" لە ساڵی ٢٠١٠ لە نێوان باراک ئۆباما و دیمیتری میدفیدیف واژوکرا بۆ سنوردارکردنی بوونی جبەخانەی سەربازی و چەکی ئەتۆمی لە هەردوو وڵات.













گەلەری