سەردێڕ:

کۆمپانیای سپەیس ئێکس خزمەتگوزاری ئینتەرنێتی جیهانی راگەیاند و نرخەکەی ئاشکرا کرد

PM:02:06:24/02/2023

4156 جار خوێندراوەتەوە

کۆمپانیای سپەیس ئێکسی ئەمریکی خزمەتگوزاری رۆمینی جیهانی راگەیاند کە بە سیستەمی ستارلین کاردەکات و لە رێگەی مانگە دەستکردەکانەوە هێڵی ئینتەرنێت دەگوازێتەوە.


رۆژنامەی ڤێرج بڵاویکردەوە، کۆمپانیای سپەیس ئێکس دەستی بە تاقیکردنەوەی خزمەتگوزاری رومینی جیهانی کرد کە بە سیستەمی ستارلینک کاردەکات و هێلی ئینتەرنێت بۆ هەموو جیهان دابین دەکات.

سیستەمی ستارلینک رێگە بە هەموو بەکارهێنەران دەدات هێڵی ئینتەرنێتیان دەستبکەوێت لە هەموو جێیەکی جیهان و کرێی مانگانەی ئەم سیستەمە ٢٠٠ دۆلارە و نرخی ئامێر و کەرەستە سەرەکییەکانی ستارلینک ٥٩٩ دۆلارە.

خێرایی هێڵی ئینتەرنێتی ستارلینک لە ئاستێکی باڵادایە، بەڵام هەندێک کات ئەگەری هەیە هێڵەکە بپچڕێت یاخود خاوببێتەوە و لەگەڵ کات خزمەتگوزارییەکە پەرەی پێدەدرێت و باشتر دەکرێت.

خزمەتگوزاری رومینی جیهانی سیستەمی ستارلینک لە ئێستادا لە هەموو وڵاتانی جیهان بەردەست نییە، کۆمپانیای سپەیس ئێکس کاردەکات بۆ رێککەوتن لەگەڵ وڵاتانی دیکەی وەک هیندستان و پاکستان و کەمبۆدیا بۆ جێگیرکردنی سیستەمی سپەیس ئێکس تێیاندا.

کۆمپانیای سپەیس ئێکس، کۆمپانیایەکی ئەمریکییە و لە بواری تەکنیکی و بۆشایی ئاسماندا کاردەکات و لەلایەن ئیلۆن مەسکەوە دامەزرێنەری کۆمپانیای تێسلاوە خاوەنداری دەکرێت.













گەلەری