لە ٢٤ی شوباتی ٢٠٢٢دا و بە فەرمانی ڤلادمێر پوتین سەرۆکی روسیای فیدراڵ بڕیاری هێرشکردنە سەر خاکی ئۆکرانیا درا، دوای ساڵێکیش، پوتین بەڵێنیدا جەنگەکە بەردەوام بێت تا روسیا بە ئامانجەکانی دەگات.
رۆژی چوارشەمممە، لە یەکەمین ساڵیادی هەڵگیرسانی جەنگ لەگەڵ ئۆکرانیا، ڤلادمێر پوتین سەرۆکی روسیا لە بەردەم ئەنجومەنی نوێنەرانی وڵاتەکەی ناسراو بە (دۆما) بەڵێنی دا بە بەردەوام بوونی لەسەر هەڵمەتە سەربازییەکەی بۆ سەر ئۆکرانیا.
هۆکاری سەرهەڵدانی جەنگەکە چی بوو؟
یەکێک لە هۆکارە سەرەکییەکانی
هەڵگیرسانی ئەم جەنگە دەگەڕێتەوە بۆ ساڵی ٢٠١٤، کاتێک لەو ساڵەدا (ڤیکتۆر یانوکوفیتچ) سەرۆکی ئەوکاتی ئۆکرانیا کە لە رووسیاوە نزیک بوو لە رێگەی خۆپیشاندانەوە
لە پۆستەکەی لابرا.
ئەمەش بووە هۆی گۆڕانی ئاڕاستەی
سیاسی ئۆکرانیا لە نزیکایەتی روسیاوە بۆ ئۆکرانیایەکی نزیک لە رۆژئاوا و ئەمریکا،
لەو کاتەشدا روسیا ئەمریکای بە ئەنجامدانی کودەتا تۆمەتبارکرد و لە دوای ئەوەش، روسیا
هێرشی کردە سەر نیمچە دوورگەی کریمیا کە دەکەوێتە ناو دەریای رەش و داگیریکرد.
دواتریش هاوکاری جوداخوازەکانی
ناوچەی دۆنباسی کرد و بەهۆیەوە جەنگی ناوخۆ لە ئۆکرانیا هەڵگیرسا و حکومەتی ئۆکرانیا
دەسەڵاتی بەسەر هەردوو هەرێمی "دۆنيتسک و لۆهانسک" نەما کە تا ئەمڕۆش ئەو
دۆخە بەردەوامە.
داواکاری بە ئەندامبوون لە ناتۆ لەلایەن ئۆکرانیاوە
هۆکارێکی دیکەی هەڵگیرساندنی
جەنگەکە ئەوەبوو، لەدوای ئاڵۆزییەکانی ساڵی ٢٠١٤، ئۆکرانیا بە فەرمی داوای کرد ببێتە
ئەندام لە هاوپەیمانی ناتۆ، ئەمەش روسیا بە مەترسی دەزانێت کە ئەمریکا و ئەوروپا لەڕێی
ئۆکرانیاوە دەتوانن چالاکی زیاتر لە سنوری روسیا ئەنجام بدەن.
ئامانجەکانی روسیا
بەو پێیەی ئۆکرانیا بەشێک
بوو لە یەکێتی سۆڤیەت و ئەو وڵاتانەی لە دوای روخانی یەکێتییەکە، لە رووی دەسەڵاتەوە
بە نزیکی لەگەڵ روسیادا مانەوە و هەژموونی روسیایان لەسەربوو تەنها ئۆکرانیا نەبێت،
بۆیە ئۆکرانیا بووە گۆڕەپانێک بۆ بەرەی رۆژئاوا و روسیا و لە ئێستادا روسیا ئامانجی
ئەوەیە جارێکی دیکە ئۆکرانیا پەلکێشی دانوستان بکاتەوە و ژێرخانی ئابووری و سەربازی
تەواو لاواز بکات و هەژموونی خۆی بەسەر ئۆکرانیادا زاڵبکاتەوە.
زیانە گیانی و ماددییەکانی
هەردوو وڵات
ئامارە نافەرمییەکان ئاماژەیان
بەوەکردووە، لە ماوەی ساڵێکی جەنگی نێوان روسیا و ئۆکرانیا، لە سوپای روسیادا ١٨٠
هەزار کوژراو و بریندار و لە سوپای ئۆکرانیاش ١٠٠ هەزار سەرباز کوژراون.
بەگوێرەی چاوگە رۆژئاواییەکان،
نزیکەی ٣٠ تا ٤٠ هەزار کەسی مەدەنی لەجەنگەکەدا گیانیان لەدەستداوە و بڕی ١٣٨ ملیار
دۆلار زیان بەر ئۆکرانیا کەوتووە و لەو بڕەش بە بەهای ٣٤.١ ملیار دۆلار زیان بەر کەرتی
کشتوکاڵ کەوتووە و زیاتر لە ٣٠٪ی خاکی وڵاتەکەی
مینڕێژ کراوە.
لێکەوتەکانی جەنگەکە
روسیا دووەم زلهێزی جیهانە لە رووی سەبازییەوە و
بێگومان لێکەوتەی بۆ سەر سیستمی جیهانی و ئۆکرانیا و ناوخۆی روسیاش دەبێت و بردنەوەی
روسیا لە جەنگەکەدا هاوسەنگی سیستمی جیهانی دەگۆڕێت و روسیا دەتوانێت هەژموونی زیاتری
خۆی بەسەر جیهاندا بسەپێنێت و روسیا دەستکراوەتر دەکات و هاوشێوەی جەنگی سارد جیهان
بەسەر دوو جەمسەردا دابەش دەکاتەوە.
سەبارەت بە ئۆکرانیاش لە ئێستادا
وڵاتەکە زیانێکی زۆری گیانی و ئابووری و کشتوکاڵی بەرکەوتووە و زیانێکی زۆر بە ژێرخانی
سەربازی وڵاتەکە گەیشتووە و ئەو چەک و کەرەستانەی شەڕ کە دەستیدەکەوێت وڵاتانی رۆژئاوا
بۆی دابیندەکەن و ڤۆلۆدمێر زیلینسکی سەرۆکی ئۆکرانیا بەردەوام لە لێدوانەکانیدا
داوای رادەستکردنی بەپەلەی چەک دەکات بۆ سوپای ئۆکرانیا.
هەرچی لێکەوتەکانی شەڕەکەیە
بۆ سەر روسیا دەکەوێتەوە سەر بردنەوە و دۆڕانی لە جەنگەکەدا و لە ئێستادا ئەوروپا
و ئەمریکا سزای ئابووریان بەسەر روسیادا سەپاندووە و لە بەرامبەریشدا روسیا قەیرانی
وزەی لە ئەوروپا دروستکردووە و دیار نیە دەرەنجامەکەی دەگاتە کوێ.
ماوەتەوە بڵێین ئۆکرانیا تەنها
بە پاڵپشتی پێدانی چەکی رۆژئاوا دەتوانێت جەنگەکە بباتەوە یاخوود وەک روسیا دەڵێت
پێدانی چەکی رۆژئاوا بە ئۆکرانیا هیچ بۆ روسیا ناگۆڕێت تەنها ئەوە نەبێت قەیرانەکان
قوڵتر دەکاتەوە؟
کامیار کەمال