سەردێڕ:

کۆشکی سپی: سزاکانی سەر روسیا فروانتر دەکەین

PM:11:03:23/02/2023

2032 جار خوێندراوەتەوە

وتەبێژی کۆشکی سپی ئەمریکا رایگەیاند، شانبەشانی گەلی ئۆکرانیا دەوەستن و سزاکانی سەر روسیا فراوانتر دەکەن بە جۆرێک بانکەکان و پیشەسازی سەربازی و بەرگری بگرێتەوە. دەشڵێت، "سزاکان ئەو وڵاتانەش دەگرێتەوە کە هاوکاری روسیا دەکەن تا لە سزاکان هەڵبێت".


کارین جان بییر وتەبێژی کۆشکی سپی لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەنوسیدا ئاماژەی بەوەدا، سبەینێ جۆ بایدن سەرۆکی ئەمریکا لەگەڵ سەرۆکی وڵاتانی کۆمەڵەی حەوت کۆدەبێتەوە و ڤۆڵۆدیمیر زیلینسکی سەرۆکی ئۆکرانیاش لە رێگەی ڤیدیۆ کۆنفرانسەوە بەشداری دەکات.

پێشتریش، جانێت یەلەن وەزیری گەنجینەی ئەمریکا لە چوارچێوەی بەشداریکردنی لە لوتکەی G20 کە لە شاری بەنگالوری هیندستان ساز کرا، تیایدا دەربارەی جەنگی روسیا-ئۆکرانیا وتارێکی پێشکەشکرد و ئەوەی خستەڕوو، سزاکان سوودیان هەبووە، بەڵام بۆ رێگریکردن لە روسیا پێویستە سزای زیاتر بەسەر مۆسکۆدا بسەپێندرێت.

ئاماژەی بەوەشدا، روسیا بۆ نوێکردنەوەی ئەو چەکانەی لە جەنگدا زیانیان بەرکەوتووە بەدوای جێگرەوەدا دەگەڕێت.

وتیشی، سزاکانی سەر مۆسکۆ زیاتر دەکەن و دەربارەی پێشێلکردنی ئەم سزایانەش گفتوگۆ دەکەن.

جانێت یەلەن دەربارەی گرنگی سزاکانی سەر رووسیاش وتی، لە بواری بەرگریدا روسیایان بێبەش کردووە لە زۆر رێگای دابینکردنی کەرەستەی سەربازیی گرنگ.

باسی لەوەشکرد، ئەمریکا وەک پاشکۆیەک ١٠ ملیار دۆلار هاوکاری بۆ ئەو پاکێجە ٤٦ ملیار دۆلارییە زیاد دەکات کە پێشکەشی ئۆکرانیای دەکات.

هاوکات، جەختیشیکردەوە لە گرنگی رۆڵی سندوقی دراوی نێودەوڵەتی لەم بوارەدا.

وەزیری گەنجینەی ئەمریکا ئاماژەی بەوەشدا، ئابوریی جیهان بەراورد بە چەند مانگی رابردوو لەزۆر رووەوە باشتر بووە، بەڵام تا ئێستا قۆناغی تەنگژەی تێنەپەڕاندووە.

لە رێکەوتی ٢٤ی شوباتی ٢٠٢٢ بە فەرمانی ڤلادیمیر پوتین سەرۆکی روسیا سوپی وڵاتەکەی هێڕشەکانی بۆ سەر ئۆکرانیا دەست پێکرد کە تائێستاش ئەو جەنگە بەردەوامی هەیە. دوابەدوای ئەوەش ئەمریکا و یەکێتی ئەوروپا و هاوپەیمانەکانیان زنجیرەیەک سزای ئابوری و دارایی و بازرگانیان بەسەر روسیادا سەپاند بەشێوەیەک ئەمریکا بە هەزار و ٩٤٨ سزا لە ریزبەندی یەکەمدا دێت.

دوای ئەویش سویسرا بە هەزار و ٧٨٢، کەنەدا بە هەزار و ٥٩٠، بەریتانیا بە هەزار و ٤٢٩، یەکێتیی ئەورووپا بە هەزار و ٣٩٠، فەڕەنسا بە هەزار و ٣٢٤، ئوسترالیا بە ٩٤٥ و ژاپۆن بە ٩١٩ سزا، دێن.

لە کۆی ئەو سزایانەش نۆ هەزار و ١١٧یان بەسەر تاکەکەس، دوو هەزار و ٩٠یان بەسەر دامەزراوە، ٩٦یان بەسەر کەشتی و ٢٤یان بەسەر فڕۆکەکانی رووسیادا سەپێندراون.













گەلەری