سەردێڕ:

زیانەکانی جەنگی یەک ساڵەی روسیا و ئۆکرانیا چەندە؟

PM:11:23:22/02/2023

4104 جار خوێندراوەتەوە

لە ماوەی یەک ساڵی جەنگی نێوان روسیا و ئۆکرانیا، لەسوپای روسیادا ١٨٠ هەزار کوژراو و بریندار و لە سوپای ئۆکرانیاش ١٠٠ هەزار سەرباز کوژراون. هاوکات، بە بڕی ١٣٨ ملیار دۆلار زیان بەر ئۆکرانیا کەوتووە و لەو بڕەش بە بەهای ٣٤.١ ملیاردۆلار زیان بەرکەرتی کشتوکاڵ کەوتووە و زیاتر لە سێ هەزار قوتابخانە و ٢٣٩ شوێنی رۆشنبیری زیانیان بەرکەوتووە.


لەبەرەبەیانی ٢٤ی شوباتی ساڵی ٢٠٢٢دا جەنگی نێوان روسیا و ئۆکرانیا بەهێرشی روسیا لەژێر ناوی "ئۆپەراسیۆنی تایبەتی سەربازیدا" دەستیپێکرد.

جەنگی یەک ساڵەی نێوان روسیا و ئۆکرانیا لەئێستادا بەردەوامی هەیە و لەماوەی جەنگەکەشدا دەیان هەزار کەس لەهەردوولا کوژراون و وێرانکارییەکی گەورە لەئۆکرانیا درووستبووە، زیانە سەربازی و مرۆییەکان بەگوێرەی داتاکانی وڵاتی نەرویج لەسوپای روسیادا بە ١٨٠ هەزار کوژراو و بریندار لەقەڵەمدراوە لەگەڵ کوژرانی ١٠٠ هەزار سەربازی ئۆکرانیا.

ئەوەش لەکاتێکدایە، ژمارە فەرمییەکانی حکومەتی روسیا ئاماژە بەکوژرانی شەش هەزار سەربازی وڵاتەکەیان دەکەن و ئەم داتایەش بۆ مانگی ئەیلولی ٢٠٢٢ دەگەڕێتەوە.

لایخۆیەوە، ئۆکرانیا ژمارەی کوژراوانی سوپای وڵاتەکەی بە ١٣ هەزار سەرباز خستووەتەڕوو، بەڵام ژمارەی کوژراوانی مەدەنی لەشاری ماریۆپۆلی ئۆکرانیا بە ٢٠ هەزار کەس مەزەندەکراوە.

بەگوێرەی چاوگە رۆژئاواییەکان، نزیکەی ٣٠ تا ٤٠ هەزارکەسی مەدەنی لەجەنگەکەدا گیانیان لەدەستداوە.

رێکخراوی نەتەوەیەکگرتووەکانیش لەمانگی کانوونی دووەمی رابردوودا رایگەیاند ١٨ هەزار هاوڵاتی مەدەنی بەهۆی هێرشاکانی روسیا لە ئۆکرانیا گیانیان لەدەستداوە و حکومەتی کیێڤیش ئاماژەی بەکوژرانی ٤٠٠ منداڵ کردووە لەو ژمارەیە.

حکومەتی کیێڤ رایگەیاند، زیاتر لە ٣٠٪ی خاکی وڵاتەکەی بەمین چێندراوە کە بەدرێژایی ژیان مەترسییان هەیە و پوچەڵکردنەوەیان کاتێکی زۆری دەوێت.

ئەوەشی ئاشکرا کرد، هێزەکانی روسیا ١٨٪ی خاکی ئۆکرانیایان داگیرکردوو، بەڵام بەگوێرەی وتەکانی زالونجی فەرماندەی هێزەکانی ئۆکرانیا، لەدوای دەستپێکی جەنگەکەوە توانیویانە ٤٠٪ خاکە داگیرکراوەکان بگەرێننەوە و لەدەستی سوپای روسیا رزگاریان بکەن.

هاوکات، زیانێکی ماددی زۆر بەر ژێرخانی ئابوری ئۆکرانیا کەوتووە و بەگوێرەی ئامارەکانی بانکی ناوەندی بەرهەمی ئۆکرانیا لەساڵی ٢٠٢٢دا ٣٥٪ کەمیکردووە.

ئەوەش لەکاتێکدایە ئەکادیمیای کیێڤ بۆ کاروباری ئابوری قەبارەی زیانەکانی بە ١٣٨ ملیار دۆلار خەمڵاندووە جگەلەوەی ٣٤.١ ملیاردۆلار زیان بەرکەرتی کشتوکاڵ کەوتووە. و زیاتر لە سێ هەزار قوتابخانە و ٢٣٩ شوێنی رۆشنبیری زیانیان بەرکەوتووە.













گەلەری