سەردێڕ:

نەتەوە یەکگرتووەکان داوایەکی ئاڕاستەی روسیا و ئەمریکا کرد

PM:11:58:21/02/2023

3208 جار خوێندراوەتەوە

رێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان داوای لە سەرۆکایەتی هەریەکە لە روسیا و ئەمریکا کرد دووبارە دەست بە نووسینەوەی رێککەوتنامەی ستارت ٣ی پەیوەست بە سنووردارکردنی چەکی ئەتۆمی بکەن، لە کاتێکدا ئەمڕۆ روسیا بەشداریکردنی لەو پەیماننامەیە هەڵپەسارد.


ستیفان دۆجاریک وتەبێژی ئەمینداری گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان رایگەیاند، هەڵوێستی ئەمینداری گشتی بۆ هەڵوەشاندنەوەی رێککەوتنی ستارتی نێوان ئەمریکا و روسیا روون بووە و لەسەر هەردوو وڵات پێویستە دووبارە پەیماننامەی ستارت ٣ بنووسنەوە.

هەر ئەمڕۆش سەرۆکایەتی روسیا بەهۆی جەنگی ئۆکرانیا و ئاڵۆزبوونی پەیوەندییەکانی نێوان وڵاتەکەی و ئەمریکا، بەشداریکردنی خۆی لە پەیماننامەی نوێی ستارت هەڵپەسارد، کە دواین رێککەوتنە لەگەڵ ئەمریکا بۆ کۆنتڕۆڵکردنی چەکی ئەتۆمی.

ئەو پەیماننامەیە لە ساڵی ٢٠١٠ لە نێوان باراک ئۆباما سەرۆکی پێشووی ئەمریکا و دیمیتری میدیڤیڤ سەرۆکی پێشووی روسیا واژووکراوە و دەقەکەی بریتییە لە سنووردارکردنی جبەخانەی وڵاتان بە شێوەیەک هەر وڵاتێک خاوەنی تەنها ١٥٥٠ چەکی ئەتۆمی و ٧٠٠ مووشەک بێت.

هاوکات، رێککەوتنەکە ئەنجامدانی پشکنینی بەرفراوان لە نێوان ئەو دوو وڵاتەدا لەخۆدەگرێت ئەمەش لە پێناو پشتڕاستکردنەوەی پابەندبوون بە پەیماننامەکە.

چەند رۆژێک پێش کۆتایی هاتنی وادەی پەیماننامەی ستارت لە مانگی شوباتی ساڵی ٢٠٢١، سەرۆکایەتی هەردوو وڵاتی روسیا و ئەمریکا بڕیاریان دا ئەو رێککەوتنە بۆ ماوەی پێنج ساڵی دیکە درێژبکنەوە.

لە سەرەتای بڵابوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆناوە پرۆسەکانی پشکنینی پەیوەست بە رێککەوتنامەکەی روسیا و ئەمریکا راگیرا و لە ساڵی رابردووش سەرۆکایەتی روسیا رێگری کرد لە دووبارە دەستپێکردنەوەی پشکنینەکان و ئەمەش بووە هۆی دروستبوونی نیگەرانی لەسەر داهاتووی پەیماننامەی ستارت.

جێگای ئاماژەیە، روسیا کۆبوونەوە و گفتوگۆکردنی لەسەر ئەم پەیماننامەیە دواخستووە.













گەلەری