سەردێڕ:

سەرۆکی فەرەنسا هەڵوێستی وڵاتەکەی لەبارەی پوکاندنەوەی روسیا ئاشکرا کرد

PM:06:58:19/02/2023

4288 جار خوێندراوەتەوە

سەرۆکی فەرەنسا لەبارەی پوکاندنەوەی روسیا و هێرشکردنە سەر خاکی ئەو وڵاتە هەڵوێستی وڵاتەکەی ئاشکراکرد لەوەی نەیانەوێت ئەوە رووبدات.


ئیمانوێل ماکرۆن سەرۆکی فەرەنسا لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەنوسیدا ئاماژەی بەوەدا، لایەن هەیە بۆ پوکاندنەوەی روسیا دەیانەوێت جەنگی نێوان ئەو وڵاتە و ئۆکرانیا درێژە بخایەنێت.

وتیشی، "وەکو ئەوانە بیرناکەمەوە کە پێیان وایە دەبێت ئامانجمان شکستپێهێنانێکی تەواو بێت لە رێگەی هێرشکردنە سەر روسیا لە خاکی خۆیدا. ئەوان پێش هەموو شتێک دەیانەوێت روسیا بپوکێننەوە. ئەمە هەرگیز هەڵوێستی فەڕەنسا نەبووە و هەرگیز هەڵوێستی فەڕەنسا نابێت".

ئەوەشی خستەڕوو، ئەو دەیەوێت روسیا لە جەنگی ئۆکرانیادا شکستبهێنێت و ئۆکرانیا بتوانێت بەرگری لە پێگەی خۆی بکات.

سەرۆکی فەرەنسا باسی لەوەشکرد، هەوڵە سەربازییەکانی ئۆکرانیا کە لەلایەن هاوپەیمانەکانەوە پاڵپشتی کراوە تاکە رێگایە بۆ گەڕانەوەی روسیا بۆ سەر مێزی دانوستان و ئاشتییەکی هەمیشەیی دابیندەکات.

لەبارەی هەوڵی گۆڕینی دەسەڵات لە روسیا، ئیمانوێل ماکرۆن ئاشکرای کرد، هەوڵە هاوشێوەکان لە سەرانسەری جیهان بە تەواوەتی شکستیهێناوە.

لە ٢٤ی شوباتی ٢٠٢٢ بە فەرمانی ڤلادیمیر پوتین سەرۆکی روسیا سوپای ئەو وڵاتە ئۆپراسیۆنەکانی بۆ سەر ئۆکرانیا دەستی پێکرد و جەنگ لە نێوانیاندا هەڵگیرسا کە تا ئێستاش بەردەوامە. لەبەرامبەردا ئەمریکا و یەکێتی ئەوروپا و هاوپەیمانەکانیان زنجیرەیەک سزای ئابوری دارایی و بازرگانیان بەسەر کەرتە جیاوازەکانی روسیادا سەپاند و بە پێدانی چەک و پارە و مەشقپێکردنی سوپاکەشی پشتیوانیان لە ئۆکرانیا کرد کە تائێستاش بەردەوامن.













گەلەری